فەنزوێلا ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەكی دووانەی وێرانكەر بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بووەوە، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی كەم 164 كەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار كەس، حكومەت باری نائاسایی ڕاگەیاند و وڵاتانی جیهانیش بۆ هاوكاریكردن كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە. شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕۆژئاوای شارۆچكەی مۆرۆنی هەژاند، تەنها 39 چركە دواتر بوومەلەرزەیەكی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە و لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر هەمان ناوچەی هەژاندەوە. دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆكی كاتیی وڵات ڕایگەیاند، كە كارەساتەكە زیانی گەورەی بە ویلایەتی لا گوایرا و كاراكاسی پایتەخت گەیاندووە، بەو هۆیەوە خوێندن، هێڵی ئاسن و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مایكتێیا ڕاگیراون. دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریكا و پسپۆڕان هۆشدارییان لە 20 پاشلەرزەی توند داوە كە ڕەنگە گوڕەكەیان بگاتە 6.5 پلە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی ئەمریكای بۆ ناردنی تیمی قەیران و هاوكاری پزیشكی دەربڕی. نەجیب بۆكێلی، سەرۆكی سەلڤادۆر، 300 ڕزگاركەر و 50 تۆن پێداویستی ئامادە كردووە. هەروەها بەڕازیل و كۆماری دۆمینیكان تیمە سەربازییە پسپۆڕەكانیان بۆ گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لە ژێر داروپەردەی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا ناردووە، لە كاتێكدا تیمەكانی فریاكەوتنی ناوخۆیی لە ململانێدان لەگەڵ كات بۆ دەرهێنانی قوربانییان.
