ڕامیار یەحیا
لێکدانەوە و تێگەیشتن لە سروشتی دەسەڵات لە عێراقدا، پێویستی بە وردبوونەوەیەکی مێژوویی هەیە لەو هێزانەی کە دەوڵەت بەڕێوە دەبەن. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، بونیادی دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنەمای لاوازکردنی سوپای نیشتمانی و بەهێزکردنی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان دامەزراوە. ئەم دیاردەیە لە ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشدا گەیشتە لوتکە، کاتێک سوپای عێراق هەرەسی هێنا و “حەشدی شەعبی” وەک هێزێکی جێگرەوە بە فەتوایەکی ئایینی دروست بوو. بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نەهات؛ دوای تێکشکاندنی داعش، ئەو هێزەی کە بڕیار بوو کاتی بێت، وەک میراتگرێکی شەرعیی دەسەڵات لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە و کێشەیەکی گەورەی بۆ چەمکی “سەروەریی دەوڵەت” دروست کرد.
لە ڕووی یاساییەوە، حکومەتەکانی عێراق بەردەوام هەوڵیان داوە ئەم هێزە بکەنە بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکان. لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە یاسایەک حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق ناسێنرا و خرایە سەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان. دواتریش چەندین فەرمانی دیوانی دەرچوون بۆ تێکەڵکردنیان، بەڵام ئەمە تەنها “تێکەڵبوونێکی ڕواڵەتی و کاغەزی” بوو. پارادۆکسەکە لێرەدایە: حەشدی شەعبی بودجە، چەک، و شەرعییەتی یاسایی لە دەوڵەت وەردەگرێت، بەڵام لە ڕووی سەرکردایەتی و بڕیاردانەوە، بە تەواوی سەربەخۆیە و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران یان وەزارەتی بەرگری نییە
ئەم دۆخە وایکردووە کە عێراق ببێتە خاوەنی “دوو سوپای هاوتەریب”. سوپایەکی فەرمی کە بەدەست گەندەڵی و لاوازیی ئیدارەوە دەناڵێنێت، و سوپایەکی ئایدیۆلۆژی (حەشد) کە خاوەنی سەربەخۆیی دارایی، ئابووریی تایبەت، و تەنانەت بڕیاری سیاسیی خۆیەتی. کاتێک گرووپەکانی ناو حەشد هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان دەستوەردان لە وڵاتانی دراوسێ (وەک سوریا) دەکەن، حکومەتی بەغدا نەک تەنها ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات، بەڵکو زۆرجار ناچارە باجی کارەکانیشیان بدات. ئەمەیە ئەو دیاردەیەی کە پێی دەوترێت “دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا” یان قۆرخکردنی جومگەکانی حوکمڕانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن.
ئەم شێوازە لە حوکمڕانی، کە تێیدا چەک دەبێتە سەنتەری بڕیار و دەوڵەتیش دەبێتە تەنها سەرچاوەیەک بۆ پارەدارکردنی ئەو چەکە، زۆر لەو مۆدێلە دەچێت کە لە هەرێمی کوردستانیشدا دەیبینین. هەرچەندە شێوەکان جیاوازن، بەڵام ناوەڕۆکەکە یەکە: هێزی چەکدار (جا حەشدی شەعبی بێت یان هێزەکانی حیزب لە کوردستان)، شەرعییەت لە مێژوو یان ئایین وەردەگرێت، پارە لە دەوڵەت وەردەگرێت، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە بخرێتە ژێر چاودێریی یاسا و دامەزراوە مەدەنییەکانەوە.
لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی تێکەڵبوونی هێزەکان تەنها بۆ وەرگرتنی مووچە بێت نەک بۆ وەرگرتنی فەرمان، عێراق هەرگیز نابێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو. مانەوەی ئەم هێزانە بەم سەربەخۆییە، بەردەوامبوونی ئەو مەترسییەیە کە دەوڵەت هەمیشە لەژێر هەڕەشەی چەکدارەکانیدا بێت، نەک پارێزراو بێت پێیان.
