سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ دەستی حكومەتە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و لە سزادانی هیچ كەسێك بەبێ گوێدانە پێگە و ئاستی چاوپۆشی ناكەین. لە سەردانێكدا بۆ بارەگای وەزارەتی ناوخۆ و كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكان، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بووەتە داواكارییەكی جەماوەری و حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدوونانی گەندەڵكاران بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتییان. زەیدی ئاماژەی بەوەش كرد “وەزارەتی ناوخۆ ئامرازی سەرەكی حكومەتە بۆ ئەم جەنگە و هیچ كەسێك لە یاسا بەرزتر نییە، بەبێ ڕەچاوكردنی لایەنی سیاسی و ئینتیمایان”. سەرۆكوەزیران سوپاسی پاڵپشتییەكانی لایەنە جیاوازەكانی كرد، بەتایبەت هەڵوێستەكانی ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لەگەڵ پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆك خێڵەكان بۆ سەرخستنی هەڵمەتەكە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەكان دەیان گەندەڵكاریان دەستگیر كردووە كە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا هەبوون و بە مەبەستی ڕاپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا، پارێزبەندیی یاساییان لێ وەرگیرابووەوە.
