عێراق، دەسپێشخەرییەكی نوێ بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە و دەستپێكردنەوەی دانوستانە نێودەوڵەتییەكان پێشكەش دەكات. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشنیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دیپلۆماسیی لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەكە كرد بۆ سەردانیكردنی تاران و واشنتن بە مەبەستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی ئاشتییانە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویكردەوە كە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیی بە فوئاد حسێن هاوتا عێراقیەكەیەوە كردووە و باس لە كردنەوەی گەرووی هورمز و كاریگەریی هەڵبژاردنە نیوەییەكانی ئەمریكا لەسەر دۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە كرا و فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە كرد كە ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیاری پڕ لە گرژییدا تێدەپەڕێت و پێویستە هەنگاوی كردەیی بۆ پاراستنی سەقامگیریی بنرێت.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییەی عێراق لە چوارچێوەی گەڕانە بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ دۆسیە ئاڵۆزەكانی وەك دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت.
