خوێندراوەتەوە: (1.0K)

كاردانەوەكان لە دیداری تەلەفزیۆنیی وەزیری دەرەوەی عێراق بەردەوامن، لە نوێترینیشدا داوای كردنەوەی سەرلەنوێی خاڵە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران دەكرێت. فراكسیۆنی بەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەر بە ڕێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، ڕاگەیەنراوێكی لەسەر چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی بڵاو كردەوە و بە توندی فەرمانەكانی ئەمریكای بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران ڕەت كردەوە و داوایشی كرد دەستبەجێ بیانكاتەوە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای كردبوو كە ئەمریكا بە فەرمی داوای لە بەغداد كردووە سەرجەم دەروازە سنوورییە وشكانییەكانی لەگەڵ ئێران دابخات جگە لە دووانیان؛ فراكسیۆنی بەدر لێدوانەكەی وەزیری بە بەڵگەی دەستوەردان لە سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی بۆ برسیكردنی خەڵك لەقەڵەم دا.

فڕاكسیۆنەكە داوای كرد كۆتایی بە سیاسەتی دووفاقی لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەروازەكاندا بهێنرێت، بەتایبەت داخستنی دەروازەی شەیب لە پارێزگای میسان كە زیانی گەورەی ئابووریی بە هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاست گەیاندووە. بەدر هۆشداریی دا كە نابێت عێراق ببێتە ئامرازێك بۆ گەمارۆدانی ئابووریی گەلی ئێران لەپێناو جەنگە نایاساییەكاندا و داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن كرد پابەندی بێلایەنیی خۆی بێت و پاراستنی سەروەری و بژێویی خەڵك بخاتە پێش هەموو گوشارێكی دەرەكییەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 24 Today: 2,439 📊 Click Here