بە ئامانجی كەمكردنەوەی گرژییەكان و ڕێگری لە پێكدادانی لەناكاو لەنێوانیاندا، كۆریای باشوور پێشنیازی گفتوگۆ لەگەڵ كۆریای باكوور دەكات. كیم هۆنگ چۆل، جێگری وەزیری بەرگریی كۆریای باشوور ڕایگەیاند: هێشتا تێڕوانینی جیاواز لەسەر هێڵی سنووریی سەربازی هەیە. وتیشی: ئامانجی گفتوگۆ پێشنیازكراوەكان بریتییە لە پشكنینی هاوبەشی ناوچە سنوورییەكان، ڕێكخستنەوەی كەناڵەكانی پەیوەندی و ڕێگریكردن لە هەر پێكدادانێكی چاوەڕواننەكراو. وەزیری بەرگریی كۆریای باشوور باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی بە بەشداریی فەرماندەیی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری “رێوشوێنی نائاسایی” بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێكی پێكدادانی سەربازی لە داهاتوودا كردەوە، چونكە وەك ئەو بەرپرسەی كۆریای باشوور دەڵێت: لە هەر شەڕێكدا زیانەكان تەنیا لە لایەنێكدا سنووردار نابن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە لە 21ی مانگی ڕابردوودا سێ سەربازی كۆریای باشوور بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەیەكی دابڕاو بریندار بوون و كۆریای باكووریش بە هۆكاری ڕووداوەكە تۆمەتبار كران، بەڵام پیونگ یانگ ڕەتی كردەوە و هۆشداریی لە وەڵامدانەوەی خێرای سەربازیی دا.
