لە پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئاكامی هێرشەكانی ئەمریكا و قەوارەی ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە 142 كەس لە پارێزگاكە كوژراون. ئەمڕۆ، یەكشەممە، مانگی سووری پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند: لە ئاكامی هێرشەكانی ئەمریكا و قەوارەی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاكە تاكو ئێستا 142 كەس كوژراون و دوو هەزار و 739 كەسی دیكەش بریندار بوون. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی مانگی سووری پارێزگای لوڕستان لە كۆی بریندارەكان دوو هەزار و 431 كەسیان خەڵكانی ئاسایین. بە پێی نوێترین ئاماری پارێزگای لوڕستان، لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 105جار هێرش كراوەتە سەر 66 شوێن لە 12 شار و ناوچەی پارێزگاكە. پێشتر وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو كە لە ماوەی یەك مانگی جەنگدا چوار هەزار و 475 یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگای لوڕستان زیانیان بەر كەوتووە و 121 یەكەیش بە تەواوەتی ڕووخاون.
