دوای وروژاندنی دۆسیەی قاچاخچێتی و گەندەڵیی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كەوتە دۆخی بەرگری و تۆمەتەكانی بەرهەمهێنانی نایاسایی و بەستنەوەی كۆمپانیا بیانییەكان بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی بە ناڕاست لەقەڵەم دا. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ بەرپەرچدانەوەی وتەكانی ئاڵا تاڵەبانی ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، كە بەرهەمی ئێستا تەنیا 255 هەزار بەرمیلە و لە باشترین دۆخدا تا ساڵی 2027 دەگاتە 308 هەزار بەرمیل.
سەبارەت بە بەقاچاخبردن و ونبوونی داهاتی نەوتیش، سامانە سروشتییەكان بەرپرسیارێتییەكەی خستە ئەستۆی بەغدا، بەوەی 42 نوێنەری فیدراڵی لەگەڵ سۆمۆ و نەوتی باكوور چاودێریی پرۆسەكە دەكەن و تەواوی داهاتەكەش دەچێتە خەزێنەی بەغدا. لە بەرامبەر تۆمەتی بەستنەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانەوە، سامانە سروشتیەكان لە ڕوونكردنەوەكەیدا پارێزگاری لەو گرێبەستانە كرد و ڕایگەیاند، كە كۆمپانیاكان نێودەوڵەتین و دادگای فیدراڵیش شەرعییەتی پێداون.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دەرچوون لە ژێر باری گومانەكان، بانگەشەی ئەوەی كرد دەرگای كێڵگە نەوتییەكان و پێوەرەكانی بەڕووی پشكنەرانی عێراق و پسپۆڕانی نێودەوڵەتیدا كراوە بووە. ئەمەش لەكاتێكدایە لە خولەكانی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی كوردستان زۆرترین ڕەخنەیان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە بەوەی بە یەكێك لە هەرە وەزارەتە شاراوەكان ناسراوە و لە چەندین ساڵی ڕابردوودا كەمترین زانیاری لەبارەی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوتەوە خستووەتە بەردەستی پەرلەمانتارانی كوردستان و ڕۆژنامەنووسان.
ئەم وەڵامە دوای ئەوە هات كە ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بەردەوامە و عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیدایە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە.
