ئەمڕۆ 153 ڕوفاتی ئەنفالكراو لە شاری بەغدادەوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و بە دیارییكراویش پارێزگای سلێمانی. ئەو 153 ڕوفاتە لە مانگی 12 ساڵی 2024 لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەلشێخەی شاری سەماوە سەر بە پارێزگای موسەننا دۆزرانەوە. بە پێی زانیارییەكان، ڕوفاتی ئەنفالكراوانی ناوچەی كۆیە و گوندی جەلەمۆردی چەمچەماڵن و بڕیار وایە بهێنرێنەوە پارێزگای سلێمانی و دوای هەفتەیەك مانەوە و تەواوكردنی ڕێكاری یاسایی لە مەڕاسیمێكدا لە چەمچەماڵ بە خاك بسپێردرێنەوە. پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دوابەدوای تەواوبوونی پشكنینە پزیشكییەكان و وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی لە پزیشكی دادیی بەغداد دێت. ئەمەو بڕیارە ئامادەكاری بۆ هەڵدانەوەی حەوت گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵی قوربانییانی ئەنفال لە هەمان ناوچەی شاری سەماوە بكرێت.
