پێشڕەو مەحمود
ئایا لە مێژوودا تاوانێک هەیە لەوە قێزەونتر بێت کە ژیان و هەناسەی مرۆڤەکان بکرێتە کاڵایەک بۆ فرۆشتن؟ سەیری ئەم دەسەڵاتە بێویژدانە بکەن! بە چاوقایمییەوە لەسەر شاشەکان باسی “پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی” دەکەن، کەچی نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردووەتە وێرانەیەک کە نەخۆش تێیدا لەسەر زەوی گیان لەدەست دەدات لە بێ دەرمانیدا! ئەمە چ وڵاتێکە کە تێیدا ئەگەر گیرفانت بەتاڵ بێت، دەبێت لەبەر دەرگای نەخۆشخانە حکومییەکاندا بڕزێیت، بەڵام ئەگەر پارەت هەبێت، دەرگای نەخۆشخانە تایبەتەکانت بۆ دەکرێتەوە؟ نەخۆشخانە تایبەتەکان کە وەک هۆتێلی پێنج ئەستێرە ڕازێنراونەتەوە، لە ڕاستیدا قەسابخانەی گیرفان و ڕۆحی خەڵکن کە هەموو خەمێکیان ڕووتاندنەوەی نەخۆشە نەک چارەسەرکردنی !
ئایا بەڕاستی شەرم ناکەن؟ پزیشک و ستافی تەندروستی لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا بەبێ کەرەستە و پێداویستییە سەرەتاییەکان جێهێڵراون، تەنها بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکرێت ڕوو بکاتە کلینیک و نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بەشێکی زۆریان هی خودی بەرپرسە فەنتەڵۆسەکان و کۆمپانیا حیزبییەکانن ! وەک چۆن لە جیهاندا قۆرخکاران (وەک ئەوەی لە ئەمریکا بەسەر نەخۆشخانەکانی هات) نەخۆشخانەکان دەكڕن و خزمەتگوزارییەکان وێران دەکەن تا قازانجی زیاتر بکەن ، لێرەش کەرتی گشتییان بە ئەنقەست ئیفلیج کردووە تا بازاڕی خۆیان گەرم بکەن. ئەمڕۆ نەخۆش هەیە ناچارە خانووەکەی بفرۆشێت یان قەرزێکی گەورە بکات تەنها بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەکی سادە بکات، چونکە لە نەخۆشخانەی حکومیدا پێی دەڵێن “دەرمان نییە و ئامێرەکان تێکچوون”!
ئێستا نەخۆشخانە گشتییەکان تەنها ناوێکی بێمانان و بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ماونەتەوە. تەنانەت توێژینەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەسەلمێنن کە بەتایبەتکردنی تەندروستی نەک کوالێتی بەرز ناکاتەوە، بەڵکو ڕێژەی مەرگ و نەهامەتی بۆ خەڵکی هەژار زیاد دەکات و تەنها قازانجی کۆمپانیاکان دەستەبەر دەکات. ئەی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بۆ بچووکترین سەرمابوونی خۆتان و منداڵە لوسکەکانتان بە فڕۆکەی تایبەت دەچنە ئەوروپا و ئەمریکا، چۆن دەتوانن بە ئارامی بخەون کاتێک دەزانن باوکێک لەبەر بێپارەیی ناتوانێت چارەسەری منداڵەکەی بکات ؟ تا کەی دەبێت تەندروستی و ژیانی خەڵک ببێتە قوربانیی بازرگانیی ئێوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم خەڵکە ڕاپەڕێت و ئەو مێزە بەسەر ئەم سیستەمە تەندروستییە مافیاییەدا وەرگێڕێت کە خوێنی هەژاران دەمژێت؟ بێدەنگی لە ئاست ئەم تاوانە، بەشداریکردنە لە کوشتنی ئەو نەخۆشانەی کە لەسەر جێگای نەخۆشخانە گشتییەکان لە چاوەڕوانیی مەرگدان!
