خوێندراوەتەوە: (1)

ڕێبین صاڵح – چالاکوان

پەرەسەندنی کەمپەین و واژۆکۆکردنەوە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، خواستێکی خۆبەخۆ نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی شکستی حوکمڕانی و ململانێی بێسنووری دەسەڵاتخوازیی نێوان مەسعود بارزانی و باڤڵ تاڵەبانییە؛ ململانێیەک کە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی مێژووییەوە.

– ئەم هەوڵانە لێکەوتەی پێکدادانی بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانی هەردوو سەرکردایەتییەکەن. لە لایەکەوە، کەمپەینەکانی جیابوونەوە بەبێ چرای سەوزی باڤڵ تاڵەبانی ناچنە پێشەوە و تەنها وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی لە دانوستانەکاندا بەکاردەهێنرێن. 

– لە لایەکی تریشەوە، قۆرخکاریی بڕیار و دەسەڵات و نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکاندا لەلایەن پارتی و مەسعود بارزانییەوە، بیانووی تەواوی بۆ ئەم لێکترازانە خۆش کردووە.

– پارچەکردنی هەرێم بۆ دوو ئیدارەی لێکدابڕاو، دووئیدارەیی دەکاتە واقیعێکی یاسایی و پێگەی کورد لە بەغدا و جیهاندا لاواز دەکات. 

جگە لەوەش، دروستکردنی هەرێمێکی نوێ بە هەمان عەقڵییەتی حوکمڕانیی ئێستا، کێشەکانی مووچە، گەندەڵی و خزمەتگوزاری چارەسەر ناکات، بەڵکو تەنها خاکەکەمان بچووکتر و بێهێزتر دەکاتەوە.

 لە کۆتاییدا، وەکوو چالاکوانێک دەڵێم هەڵسەنگاندنی مێژوویی  ڕەحم بەوانە ناکات کە سەروەریی خاک دەکەنە قوربانیی کورسی، بەرپرسیارێتیی یەکەمی ئەم مەترسییە لە ئەستۆی سەرکردایەتیی “پارتی و یەکێتییە” ، چونکە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی پرسی نیشتمان و ئازارەکانی خەڵکیان کردووەتە کاڵایەکی سیاسی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، نەک بۆ پاراستنی شکۆ و ژیانی هاونیشتمانییانی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 146 Today: 2,298 📊 Click Here