خوێندراوەتەوە: (7.9K)

هاوکار ئیسماعیل حسێن


بۆ زیاتر لە سێ دەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژترین و ئاڵۆزترین درامای سیاسییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە بردووە، کە تێیدا بە شێوەیەکی بێوێنە شارەزاییان لە هونەری “سەرکەوتن لە شکستدا” پەیدا کردووە. لە پشتی گوتارە نەتەوەییە حەماسییەکان و پەردەی دیموکراسییەکی ڕووکەشەوە، ئەم دوو هێزە وەک کارتێلێکی سیاسی و ئابووریی هاوبەش، سیستەمێکی دەرەبەگایەتیی مۆدێرنیان دامەزراندووە کە تەواوی جومگەکانی ژیانی گشتیی قۆرخ کردووە. لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و لە گۆڕەپانی میدیاییدا، نمایشێکی چڕی ڕکابەرییەکی توند لە نێوان زۆنی زەرد و سەوزدا پێشکەش بە جەماوەر دەکرێت، بەڵام لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە، ئەوان هاوبەشی ستراتیژیی یەکترن بۆ پاراستنی دۆخی چەقبەستوو و دابەشکردنی سامانی نیشتمانی. ئەم شانۆگەرییە بەتایبەتی لە کاتی قەیرانە داراییەکاندا دەگاتە لوتکە؛ کاتێک خەزێنەی گشتی بەتاڵ دەبێت، سەرەتا پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر درێژ دەکەن و دواتریش بە یەکدەنگی بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی بەغدا، تاوەکو بەتەواوی لە هەر لێپرسینەوەیەکی ناوخۆیی ڕزگاریان بێت.

لێکەوتەی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانییە، دروستکردنی کەلێنێکی چینایەتیی قووڵ و کارەساتێکی ئابوورییە لە هەرێمێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سامانە سروشتییەکان دەژی. لە کاتێکدا دابینکردنی مووچەی سادەی مامۆستایان و فەرمانبەران بووەتە موعجیزەیەکی گەورە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و کەرتی تەندروستیی گشتی لەوپەڕی داڕماندان، سەرمایە و پڕۆژە زەبەلاحەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی خەیاڵی گەشە دەکەن و قەیرانەکان هیچ کاریگەرییەک لەسەر ژێرخان و سیولەی بانکیی ئەوان دانانێن. ئەم نادادییە سیستەماتیکە وای کردووە کە نیشتمان بۆ هاووڵاتیی ئاسایی ببێتە شوێنێکی بێهیوایی و هەزاران گەنج بە نائومێدییەوە ڕێگەی مەرگ لە نۆکەندی ئینگلیز بگرنە بەر، لە کاتێکدا هەمان نیشتمان بۆ سەرکردایەتیی سیاسی بووەتە ئامێرێکی تایبەتی ڕاکێشانی پارە

هاوکات، پرۆسەی سیاسی بە جۆرێک بچووک کراوەتەوە کە پۆستە باڵا حکومی، سەربازی و ئەمنییەکان، هاوشێوەی سیستەمی پاشایەتی، بە شێوەیەکی بۆماوەیی لە نێوان نەوەکانی هەمان خێزانەکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت.

بۆ چەندین ساڵ، ترساندنی کۆمەڵگە بە دوژمنی دەرەکی، وەک قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و کپکردنی دەنگی ناڕەزایی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم گوتارە چەواشەکارە کاریگەریی خۆی بەتەواوی لەدەست داوە؛ نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی هۆشیار بووەتەوە و چیتر بە دروشمە باوەکان و وەهمی ناکۆکیی نێوان حیزبەکان جادوو ناکرێت. ئەوان بە ڕوونی ئەو پەرادۆکسە زەقە دەبینن لە نێوان دەسەڵاتێک کە لەسەر شاشەکان داوای قوربانیدان لە خەڵک دەکات، بەڵام لە واقیعدا سامانی وڵات تاڵان دەکات. ڕووی ڕاستەقینەی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی بەتەواوی دەرکەوتووە، کە پێکهاتووە لە دەسەڵاتێکی داماڵراو لە هەر دیدگایەک بۆ داهاتوو، و ئێستا لەناو ترسێکی گەورەدا دەژی لەو ڕۆژەی کە هۆشیاریی دەستەجمعیی خەڵک بڕیاری کۆتایی بدات بۆ داخستنی پەردەی ئەم شانۆگەرییە درێژخایەنە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 92 📊 Click Here