پەیمان خواجە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، کاڵى و تۆخیى جلوبەرگی خوێندکاران ئاساییە و نابێت ئەو بابەتە بكرێت بە كێشە. پاشئەوەی وەزارەت ڕەنگی جلوبەرگی بۆ قوتابییان و خوێندكاران لە قۆناغی باخچەی منداڵان تاوەكو ئامادەیی دیاریكرد، بەشێك لە كەسوكاری خوێندكاران كاڵ و تۆخی جلوبەرگەكە بووە كێشە بۆیان، لەوبارەیەوە وتەبێژی پەروەردە جەختی لەوە كردەوە، ئەو بابەتە ئاساییە و نابێت کاڵى و تۆخیى جلوبەرگەكە و بچوكی و گەورەیی لۆگۆی سەر جلەكە بكرێتە كێشە. بڕیارە رۆژی 20ی 9ی 2026 لە هەرێمی كوردستان دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان بەڕووی قوتابییان و خوێندكاراندا بكرێتەوە. بۆ ئەمساڵی خوێندن لە خوێندنگە حکومییەکان زیاتر لە ملیۆنێک و 750 هەزار خوێندکار و لە خوێندنگە تایبەتەکانیش 170 هەزار خوێندکار دەوام دەکەن.
هەر ئەمساڵ 41 هەزار خوێندکاری پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرچوون، هاوکات 30 هەزار خوێندکاریش بەهۆی بەشدارینەکردنیان لە خولی دووەم وەک کەوتوو هەژماردەکرێن.
