سەرۆكایەتیی كۆماری سووریا ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئاشكرا كرد سەبارەت بە ئایندەی حەسەكە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی سووریا: بڕیاردراوە لە كاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە ئاگربەست جێبەجێ بكرێت و چوار ڕۆژ مۆڵەت بە هەسەدە دەدرێت بۆ دانانی پلانی یەكخستنەوەی ناوچەكان.
بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، هێزەكانی سوپای سووریا ناچنە نێو سەنتەری شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ و گوندە كوردییەكان، بەڵكو تەنها لە دەوروبەری شارەكان جێگیر دەبن و ئاسایشی گوندەكان بە هێزی ناوخۆیی دەسپێردرێت.
هاوكات رێككەوتن كراوە لەسەر یەكخستنی تەواوی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی هەسەدە لە چوارچێوەی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سووریادا.
لە بەشێكی دیكەی لێكتێگەیشتنەكەدا هاتووە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە دەسەڵاتی پێدەدرێت كاندید بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەكە و نوێنەرانی پەرلەمان دیاری بكات، هەروەها لیستی ناوی كارمەندانیش بۆ دامەزراندن لە دامودەزگاكانی دەوڵەت ئامادە دەكات، بۆ ئەوەی دواتر گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكانی یەكخستنەوەی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەكە دەستپێبكات.
