خوێندراوەتەوە: (152)

وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەنراوێکى لەسەر هێرشە مووشەکییەکەى ئەمشەو بۆسەر بنکەکانى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاو کردەوە و رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤ـى ئازارى ٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاندووە، لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێرشە و هەموو هێرشە تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان. وەزارەتى پێشمەرگە راشیگەیاندووە، بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت. وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین. جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 155 Today: 394 📊 Click Here