وەزارەتى ناوخۆى هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕاى راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە شەوى ڕابردوو چەند هێرشێک کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان. ئەمەش دەقى ڕاگەیەندراوەکەیە: راگەیاندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆوە سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، و سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنج شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ و لە چەند کاتی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجام تێک شکێندراون و کەوتوون. هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن. جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەین و داوا لەهەموو لایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان نەکەنە ئامانج. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦
