تێچووی جەنگی ئێران لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دۆلاردایە و پنتاگۆنیش بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان، داوای بودجەیەکی خەیاڵی و زیادکراو لە کۆنگرێس دەکات. کەناڵی “سی ئێن ئێن” لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، تێچووی جەنگی دژ بە ئێران تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دۆلار، بەڵام ئەم بڕە پارەیە تەنیا تێچووی ڕاستەوخۆی وەک سووتەمەنی، تەقەمەنی و کارپێکردنی بنکە سەربازییەکان دەگرێتەوە و خەرجییەکانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان ناگرێتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت قەبارەی زیانەکان و تێچووی گشتی لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوت و ئابووری ناوچەکە قووڵتر ببنەوە، چونکە هێشتا خەرجییە ناڕاستەوخۆکان لەم خەمڵاندنانەدا هەژمار نەکراون. لەلایەکی دیکەوە، پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئیدارەی واشنتن داوای بودجەیەکی زیادکراو بۆ پنتاگۆن دەکات کە بەشە سەرەکییەکەی بۆ کڕینەوەی چەک و پڕکردنەوەی کۆگا بەتاڵبووەکانە. هیگسێس ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران، داوای کەمتر لە ٢٥ ملیار دۆلار دەکەن، بەڵام داواکارییە گشتییەکە بۆ بودجەی بەرگری زۆر لەوە زیاتر دەبێت. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار بۆ پەسەندکردنی بودجەیەکی پێوانەیی بۆ پنتاگۆن دەکات کە بڕەکەی ١.٥ تریلیۆن دۆلارە؛ ئەمەش بە گەورەترین زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دادەنرێت، کە تێیدا بودجەی بەرگری بە ڕێژەی ٥٠٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزکراوەتەوە.
