خوێندراوەتەوە: (1)

هەستیار بورهان محمد

ئەگەر بمانەوێت باس لە گەورەترین و مێژووییترین “دەستکەوت”ی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە حوکمڕانیدا، پێویست ناکات بەدوای پڕۆژەی زەبەلاحی ئابووری یان ژێرخانێکی مۆدێرندا بگەڕێین، چونکە گەورەترین سەرکەوتنیان ئەوە بووە کە زۆر وەستایانە توانیویانە وێنە و شێوەی ڕاستەقینەی “حکومەتێکی ئاسایی و نۆرماڵ” بە تەواوی لە یادەوەریی خەڵک بسڕنەوە . ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە توانیویانە کارەساتێکی وەها بخولقێنن کە تێیدا نەخۆشی و ئیفلیجیی سیستەمەکە کراوەتە شتێکی زۆر ئاسایی و قبوڵکراو، بە جۆرێک کە ئێستا نەوەیەکی تەواو لەم هەرێمەدا گەورە بووە و چاوی بە دنیا هەڵهێناوە کە بە قووڵی باوەڕی وایە دواکەوتنی مووچە بۆ چەندین مانگ، لاوازی و بێدەسەڵاتیی دامەزراوە نیشتمانییەکان، چەقبەستوویی سیاسیی بەردەوام، و دانوستانی بێكۆتایی و بێئەنجامی نێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان،

شتێکی زۆر سروشتییە و بەشێکە لە بنەماکانی بەڕێوەبردنی وڵات . کاتێک گەنجێک یان فەرمانبەرێکی ماندوو لەبری ئەوەی چاوەڕێی پلاندانان بۆ داهاتوویەکی ڕوون بکات، هەموو مانگێک بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی هەواڵی گەیشتنی پارە لە بەغداوە دەکات و پرسیار دەکات بزانێت کەی وەزارەتی دارایی خشتەی مووچە ڕادەگەیەنێت، یەکسەر تێدەگەین کە چۆن دەسەڵات شکۆ و کەرامەتی مرۆڤی کوردی شکاندووە و بچووکی کردووەتەوە بۆ ئاستی چاوەڕوانییەکی زۆر نزم . ئەمەیە ئەو تراجیکۆمیدیایەی کە تێیدا حوکمڕانییەک کە دەبوو خزمەتکاری خەڵک بێت، بووەتە مۆتەکەیەک و کارێکی کردووە کە هاوڵاتییان لەبری ئەوەی داوای شەفافیەت، سەروەریی یاسا، و مافی کەرامەتداری بکەن، سوپاسگوزار بن ئەگەر تەنیا نیوە مووچەیەکیشیان پێ بدرێت یان بۆ چەند ڕۆژێک شەڕەقسەی میدیایی نێوان بەرپرسان بوەستێت . باوكێک کە ناتوانێت خەرجیی نەخۆشخانە بۆ منداڵەکەی دابین بکات چونکە مووچەکەی سێ مانگە دواکەوتووە، کاتێک دەبینێت بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەسەر شاشەکانەوە باس لە سەقامگیری و ئارامی دەکەن، هەست بە سووکایەتییەکی قووڵ دەکات، بەڵام هاوکات بەهۆی ئەو پەروەردە سیاسییە چەواشەکارانەیەوە، بێدەنگ دەبێت چونکە لە ناخەوە پێی وایە هەموو وڵاتێک بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت و حوکمڕانی واتە چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتەکان .

دەبێت ئافەرین بۆ زیرەکیی ئەم دوو حزبە بکەین کە بە جۆرێک کۆمەڵگایان لەناو گێژاوی ململانێ و قەیرانە دروستکراوەکاندا نقوم کردووە، کە خەڵک بە تەواوی لەبیری چووەتەوە حکومەت لە وڵاتانی تردا بۆ ئەوە دروست بووە کێشەکان چارەسەر بکات، نەک خۆی گەورەترین کێشە و سەرچاوەی نەهامەتی بێت . نەوەی نوێ وەها پەروەردە کراوە کە پێی وایە هەرێمێک بەبێ قەیرانی سیاسی و ململانێی دوو ئیدارەیی، وەک چایەکی بێ شەکر وایە و تام و چێژی نییە؛ بۆیە کاتێک دامەزراوەکان دادەڕمێن و پەرلەمان دادەخرێت یان بڕیارەکان تەنیا لە مەکتەب سیاسییەکانەوە دەردەچن، کەس سەری سوڕ نامێنێت، چونکە نائاساییبوون و داڕمانی ئیداری بووەتە نۆرمێکی جێگیر و ناسنامەی ئەم دەسەڵاتە . ئەو خەونەی کە ساڵانێک بوو بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن بانگەشەی بۆ دەکرا، ئێستا بووەتە قوربانیی پاراستنی بەرژەوەندیی خێزان و بنەماڵەکان، و خەڵکیش تەنیا کراوەتە ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان لە کاتی پێویستدا بێ ئەوەی هیچ بەهایەکی تریان هەبێت . لە کۆتاییدا، ئەمە گەورەترین و تاڵترین سەرکەوتنی نوخبەی سیاسییە کە بە سیستماتیک خەریکی وێرانکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگایە، تا ئەو ئاستەی کە ئەگەر ڕۆژێک حکومەتێکی ڕاستەقینە، دیموکرات، و خزمەتگوزار لەم وڵاتەدا دروست ببێت و مافەکانیان بێ بەرامبەر پێ بدات،

ڕەنگە خەڵک تووشی شۆک ببێت و پێی وابێت کە ئەمە خەونە یان شتێکی زۆر نائاساییە، چونکە ئەوان بە زۆر فێری ئەوە کراون کە تەنیا لەناو فەوزا، بێیاسایی، بێمووچەیی و نادادپەروەریدادا بژین و چەپڵە بۆ ئەو سەرکردانە لێبدەن کە ڕۆژانە داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان دەدزن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 31 Today: 59 📊 Click Here