سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند تا ئەو كاتەی ئابڵوقەی دەریایی سەر ئێران بەردەوام بێت ڕێگە بە جوڵەی هیچ كەشتییەك لە گەروی هورمز نادات، لەو بارەشەوە هۆشداریی بە كەشتیەكانی كەنداوی عەرەبی و دەریای عومان داوە. تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕاگەیەنراوێكی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتووە: نابێت هیچ كەشتییەك لە كەنداوی عەرەبی و دەریای عوماندا جوڵە بكات و هەوڵی تێپەڕین لە گەرووی هورمز بدات، چونكە هەر جووڵەیەك وەك هەوڵێكی دوژمنكارانە و كاركردن بۆ بەرژەوەندیی ئەمریكا دەبینرێت و هێزە دەریاییەكانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ تێكشكاندنی هەر كەشتییەك كە پێشێلی ئەو فەرمانە بكات. سوپای پاسداران ڕایشیگەیاندووە: گەمارۆ دەریاییەكانی ئەمریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەستە، بۆیە بڕیارمان داوە تا ئەو كاتەی واشنتۆن گەمارۆكان هەڵدەگرێت، ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییە بە ڕووی كەشتیوانیدا بە داخراوی بمێنێتەوە و ڕێگە بە هیچ هاتوچۆیەك نەدرێت. ڕاگەیەنراوەكەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش داوە كە تەنیا ئەو كەشتییانەی پێشتر لەگەڵ سوپای پاسداران هەماهەنگییان هەبووە ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێ دراوە.
