بڕیارە سبەی پارێزگاری سلێمانی بە نوسراوێکی فەرمی داوای 20 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغداد بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بکات. محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای یەكێتی رایگەیاند، سبەینێ پارێزگاری سلێمانی بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەپشکی نەوتی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عیراق دەکات. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوەش کرد، لە نوسراوەکەدا داوای بڕی 20 ملیۆن لیتر نەوت کراوە. سەبارەت بە کاتی گەیشتنیشی وتی، پێشبینی دەکرێت هەر لەم هەفتەیەدا نەوتەکە بگاتە سلێمانی و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی بکرێت بەسەر هاووڵاتیاندا.
بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە، لەئێستادا خواست لەسەر سوتەمەنی زیادیکردووە، لە بازاڕەکانیشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی بۆ نزیكەی 400 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بارگرانییەکی دیكەی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروستکردووە.
