سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ژمارەیەك دیداری تایبەت بە پێكهێنانی كابینەكەی ئەنجام دا و لە سلێمانیش لەگەڵ لایەنەكانی كۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست كۆ بووەوە. لە میانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامی دا، عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچوو و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی كۆ بووەوە. دوابەدوای كۆتایی كۆبوونەوەكانی لە شاری هەولێر گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەروەها لایەنەكانی كۆمەڵ، ڕەوتی هەڵوێست و یەكگرتووی ئیسلامی كۆ بووەوە. بە پێی زانیارییەكان، لایەنەكانی كۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست یاداشتێكی 20 خاڵیان ڕادەستی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو كرد. بە پێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو، پرسی سەرەكی سەرجەم كۆبوونەوەكان باسكردن بووە لە هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و گرنگیی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكانی هەبێت. ئەم سەردانەی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوەكانیەتی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی كە بە پێی دەستوور تەنیا 30 ڕۆژی بۆ ئەو ئەركە لە بەردەمدایە.
