سەرۆكی كۆریای باكوور دەڵێت یادگاریی جوانم لەگەڵ ترەمپ هەیە و ئامادەین لەگەڵ ئەمریكا دانوستان بكەین. كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكوور لە میانەی كۆبونەوەی ئەنجوومەنی باڵای گەلی وڵاتەكەیدا ڕایگەیاند: هێشتا یادگاریی جوانم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەیە، كە لە ماوەی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەدا سێ جار چاوم پێی كەوت. كیم دەڵێت: ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان كۆڵ لەو ئارەزووە پڕوپووچەی بدات، كە داوا دەكات ئێمە چەكی ئەتۆمیمان نەبێت، هەروەها واقعەكە پەسەند بكات و ویستی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ڕاستەقینەی هەبێت، ئەوا هیچ هۆكارێك نیە ڕێگەمان لێ بگرێت لەگەڵیان دابنیشین. بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكییەكەیەوە، كۆریای باكوور ڕووبەڕووی زنجیرەیەك بڕیار و سزای ئەنجوومەنی ئاسایش بووەتەوە، كە بەشێكیان كێشەی گەورەی ئابووریی بۆ دروستكردووە و بووەتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشبردنی كەرتی سەربازیدا بەڵام پیۆنگ یانگ سوورە لەسەر بنیادنانی چەكی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستیی بەهێز. سەرۆكی كۆریا ڕاشیگەیاندووە: هەموو جیهان زۆر باش ئەوە دەزانێت، كە ئەمریكا چی دەكات دوای ئەوەی وڵاتێك ناچار دەكات واز لە چەكی ئەتۆمی بهێنێت، بەڵام ئێمە هەرگیز چەكی ئەتۆمی لەخۆمان داناماڵین.
