خوێندراوەتەوە: (27)

بەڵێن جەمال بابەکر

لە هەموو سیستەمێکی سیاسیی هاوچەرخدا، سنوری دەسەڵاتەکان زۆر ڕوونن؛ پەرلەمان خاوەنی دەسەڵاتی دەستووری و یاسادانانە، و حکومەتیش جێبەجێکاری سیاسەتە گشتییەکانە. کەچی لە هەرێمی کوردستاندا، واقیعی سیاسی جیاوازییەکی قووڵ و ترسناک لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکان و سەرچاوەی ڕاستەقینەی بڕیاردا پێشان دەدات، بە جۆرێک کە حیزبە باڵادەستەکان دیاری دەکەن

ئایا ئەم دامەزراوانە مافی کارکردنیان هەیە یان دەبێت پەکبخرێن. لێرەدا دەبینین کە پێش ئەوەی هیچ پڕۆژەیاسایەک یان بڕیارێکی چارەنووسساز بگاتە هۆڵی پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیران، پێشوەختە لە کۆبوونەوە داخراوەکانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکاندا بەستێنەکەی ئامادە دەکرێت و دواپەیامی لەسەر دەدرێت. بۆیە زۆر بە ڕوونی دیارە کە ئۆفیسی سەرەکیی دەستوور کراوەتەوە، بەڵام کلیلی دەرگاکەی لە باخەڵی سەرکردایەتیی حیزبەکاندا جێهێڵدراوە! ئەم دەستتێوەردانە بەردەوامە پێمان دەڵێت کە کێشەی بنەڕەتی تەنیا ئەوە نییە کە ئایا پەرلەمان هەیە یان نا،

بەڵکو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا دامەزراوە دەستوورییەکان لە واقیعی کرداریی سیاسەتدا سەروەر و سەربەخۆن، یان تەنیا تەلارێکی جوانی بێسەڵاحەتن بۆ شەرعییەتدان بە بڕیارە حیزبییەکان؟ کاتێک حیزب دەست بەسەر دەستوور و یاسادا دەگرێت، ئیتر چەمکی دەوڵەتداری دادەماڵرێت و تەنیا حوکمی پاشایەتیی حیزبی دەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 132 Today: 2,224 📊 Click Here