فریدریش مێرتس، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ڕەخنەی توندی لە لووتكەی سێقۆڵیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین و شی جین پینگ گرت و كۆبوونەوەكەی شێنجنی وەك دانیشتنێك تەنها بۆ وێنەگرتن وەسف كرد.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەم لێدوانانەی لە دوای كۆبوونەوەیەكی بەرلین لەگەڵ هاوپەیمانانی ئۆكرانیا ڕاگەیاند، كە تێیدا تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەكانی جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا و هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێیە كرا. ڕاوێژكاری ئەڵمانیا جەختی لەوە كردەوە كە هەر دانوستانێكی داهاتوو بۆ ئاشتیی دەبێت بە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئۆكرانیا و وڵاتانی ئەورووپا بێت، چونكە بەبێ ئەوان هیچ ڕێككەوتنێك سەركەوتوو نابێت.
مێرتس ئاماژەی بەوەش كرد كە بەرلین بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات بڕیار لەسەر چارەنووسی ئۆكرانیا بدرێت بەبێ ئامادەیی كیێڤ و هاوبەشە ئەورووپییەكانی. ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا نیشاندەری نیگەرانیی قووڵی وڵاتانی ئەورووپایە لە ئەگەری پەراوێزخستنیان لە پڕۆسەی بڕیاردانی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە ئاسایشی كیشوەرەكە و داهاتووی ناوچەكە لەلایەن زلهێزەكانەوە.
