چۆمان محمد امین
لە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و حکومەت لەسەر بنەمای بەرهەمداری و ئەنجامدانی ئەرکەکان دەپێورێت؛ هاووڵاتی وەک موشتەرییەکی سەرەکی تەماشای دەوڵەت دەکات و لە بەرامبەر باج و دەنگەکەیدا، داوای خزمەتگوزاری، شەفافیەت و باشترکردنی ئاستی ژیانی دەکات. بەڵام لە واقیعی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم هاوکێشە جەوهەرییە بەتەواوەتی پێچەوانە کراوەتەوە، بەجۆرێک هاووڵاتی لە هاوکێشەی حوکمڕانیدا لە داواکارێکی ڕەوا و چالاکەوە دابەزێنراوە بۆ بینەرێکی بێدەنگ و ناچالاک لە هۆڵێکی گەورەی شانۆدا. دەسەڵاتداران چیتر بە پێویستی نازانن بە بەڵگەی بەرجەستە و پڕۆژەی ژێرخانی ڕاستەقینە جەماوەر قایل بوبکەن کە کەرتی کارەبا باش بووە، کەرتی تەندروستی بەرەوپێش چووە، یان هەلی کار بۆ گەنجان ڕەخسێنراوە؛ بەڵکو تەنیا پێویستیان بەوەیە ڕۆژانە نمایشێکی نوێ، درامایەکی سیاسیی تازە، یان ململانێیەکی میدیاییی دروستکراو پێشکەیشی بینەرەکانیان بوبکەن تا هۆڵەکە گەرم بهێڵنەوە.
ئەم ڕەفتارە سیاسییە وادەکات کە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەیاننامەکانی حکومەت، و شەڕەقسەی حیزبەکان نەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەڵکو تەنیا بۆ دروستکردنی کاتپێبەسربردن و دروستکردنی گەرموگوڕیی میدیایی بەرهەم بهێنرێن. کاتێک بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ئەرکێکی کارگێڕیی مەیدانییەوە دادەبەزێت بۆ بەررهەمهێنانی شوومیدیا و نیشاندانی مانۆڕی سیاسی، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بەتەواوەتی دەگۆڕێن. لەبری ئەوەی بەرپرسێک بەپێی ڕێژەی سەرکەوتنی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا بهەڵسەنگێنرێت، بەپێی توانای لە قسەکردن، بەکارهێنانی ئارگیومێنتی جەماوەری، و دروستکردنی سەردێڕی سەرنجڕاکێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاداشت دەکرێت.
لە هەناوی ئەم نمایشە بەردەوامەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “دەسەڵاتداران لە عێراقدا دەزانن هاووڵاتییان ناڕازین لە نەبوونی خزمەتگوزاری، بەڵام لەبری باشترکردنی کارەبا و ئاو، تەنیا بلیتی بینینی شانۆگەرییەکە بۆ ڕووداوێکی نوێتر نوێ دەکەنەوە!”
کاتێک هاووڵاتییان ڕۆڵی ڕەخنەگر و خاوەن ماف لەدەست دەدەن و دەبنە بینەری مەسرور یان توڕەی شاشەکان، سیستەمی تاڵانکاری بەبێ هیچ ڕێگرییەکی جدی لەسەر بنکە سەرەکییەکەی بەردەوام دەبێت. چاکسازیی ڕاستەقینە لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا ڕوونادات تا ئەو کاتەی هاووڵاتییان هۆشیارانە لە کورسیی بینەرەکان هەڵنەستن و ڕەتینەکەنەوە کە ببنە بینەری ئەو نمایشانەی تەنیا بۆ داپۆشینی ناکارامەیی، گەندەڵی و شکستی دەسەڵاتداران دروست دەکرێن.
