شالاو محمد ممند
وەک خانوویەک کە پەنجەرەکانی بە ڕەنگی ئاڵتوونی بۆیە کراون و دەرگاکانی بە شێوەیەکی کلاسیکی نەخشێنراون، بەڵام کاتێک دەچیتە ژوورەوە دەبینیت نە پایەکانی جێگیرن و نە بنمیچەکەی توانای گرتنی دڵۆپەی بارانی هەیە؛ هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە دروست کراوە. لەسەر کاغەز و شاشەکان، ئێمە خاوەنی پەرلەمان، وەزارەت، سیستەمی دادوەری و سەرۆکایەتین، بەڵام لە واقیعدا، ئەم نیشتمانە خاوەنی هیچ سیستەمێکی حوکمڕانی نییە کە توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی هەبێت. ئێمە حکومەتمان هەیە وەک “ناونیشان”، بەڵام دەوڵەتمان نییە وەک “بزوێنەر”.
(وەک چۆن ئەلێکسی دی تۆکڤیل دەڵێت: “زۆرجار تەنها ڕواڵەتی حکومەتێک بەسە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بە گوێڕایەڵی بکات.”) — ئەمەش هەمان ئەو درۆ گەورەیە کە لە وڵاتانی وەک زیمبابۆی سەردەمی مۆگابێدا بینرا، کاتێک کە بینای وەزارەتەکان کراوە بوون، بەڵام بڕیارەکان لە ژووری تاریکی خێزانە دەسەڵاتدارەکانەوە دەدران و دامەزراوەکان تەنها بۆ مۆرکردنی دزییەکان بەکاردەهێنران. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە تەنانەت ڕێز لەو ڕواڵەتەش ناگرن؛ ئەوان پەرلەمانیان بۆ ماوەی ساڵانێک پەکخست و حکومەتیان خستە باری “کاربەڕێکەر”، چونکە تێگەیشتبوون کە تا تاکەکان بەهێزتر بن، دامەزراوە دەبێت لاوازتر بێت. لەم نیشتمانەدا، وەزارەتەکان خاوەنی بڕیار نین، بەڵکو تەنها جێبەجێکاری ئەو فەرمانانەن کە لە سەری ڕەش و دەباشانەوە بۆیان دێت.
ئەم زەلکاوە سیاسییە، بووەتە هۆی ئەوەی کە سیستەمەکە توانای چارەسەرکردنی بچووکترین قەیرانیشی نەبێت. کاتێک مووچە دەبڕدرێت یان شەڕی دەسەڵاتی بنەماڵە لەسەر دەروازە سنوورییەکان دروست دەبێت، هیچ دادگایەک و هیچ پەرلەمانێک ناتوانێت بڵێت “بوەستن، یاسا سەروەرە”. چونکە هێزەکان، ئابوورییەکە، و تەنانەت دادوەرەکانیش پێشوەختە لەسەر بنەمای سیستەمی پشک پشکێنە دابەشکراون. ئەمە دەوڵەتداری نییە، ئەمە بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکی هاوبەشە کە تێیدا پشکی زۆرینە لای دوو بنەماڵەیە و خەڵکیش تەنها کرێکارێکی بێ مافە کە دەبێت باجی شکستی بازرگانییەکانی ئەوان بدات. ئەم تەماشاگەرییە مەدەنییە بە جۆرێک پووچ بووەتەوە، کە دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەت تەنها گۆڕینی دەموچاوەکانە، نەک گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردن.
