خوێندراوەتەوە: (7.9K)

محمد موسڵیح

مردن لە تینوویەتیدا لە کاتێکدا مەلە لەناو دەریایەک لە ڕەشێتیی نەوتدا دەکەیت، گەورەترین تاوانە کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیوە! لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، تریلیۆنان دۆلار لە داهاتی نەوت و خەزێنەی گشتی وەک دوکەڵ بە ئاسماندا دەچێت، لە کاتێکدا خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەو سامانە لە گەڕەکە وێرانەکاندا نوقمی لافاوی زستان دەبن و منداڵەکانیشیان لەژێر بنمیچی قوتابخانە ڕووخاوەکاندا دەخوێنن. ئەمە نەبوونی بودجە نییە، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراوە بۆ گواستنەوەی سەروەت لە گیرفانی نەتەوەیەکەوە بۆ ناو قاسەی چەند خێزانێکی دیاریکراو.

هەر شارێک، هەرچەندە بچووکیش بێت، لە ڕاستیدا دابەش بووە بەسەر دوو شاری دوژمن بەیەکتردا؛ شاری هەژاران و شاری دەوڵەمەندان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، نەک هەر نیشتمانیان دابەش کردووە، بەڵکو تەواوی سامانەکەیان لووش داوە و تەنها پاشماوە و زبڵەکەیان بۆ هەژاران جێهێشتووە. کاتێک بەغدا ساڵانە بودجەی سەروو سەد ملیار دۆلار پەسەند دەکات و هەولێریش بە ڕۆژی ڕووناک ملیۆنان بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کەچی هێشتا گەنجان لەناو زبڵدانەکاندا بەدوای پاروویەک ناندا دەگەڕێن، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم کارتێلی سیاسییە وڵاتیان کردووەتە کێڵگەی تایبەتیی خۆیان. ئەم منداڵە لوسکانە لەناو کۆمەڵگە داخراوەکان و ڤێلا خەیاڵییەکانیاندا باس لە “گەشەسەندنی ئابووری” دەکەن، لە کاتێکدا لەودیو دیوارەکانیانەوە، خەڵک باجی بێکاری و نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەدات.

ئەوانەی لەسەر شاشەکان دەردەکەون بۆ قسەکردن لەسەر شەفافیەت، تەنها کۆمەڵێک فەنتەڵۆسن کە لە ڕێگەی سیستەمی دیوەخان و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانەوە، داهاتی گشتییان کردووەتە خێر و سەدەقە و بەسەر کۆمپانیاکانی خۆیاندا دابەشی دەکەن. ئەم مافیایانە زۆر بەباشی دەزانن کە چۆن داهاتی نەتەوەیەک ون بکەن بێ ئەوەی یەک کارگە یان ژێرخانێکی نیشتمانیی پێ دروست بکەن؛ پارەی نەوت ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو باڵەخانە بازرگانییەکان و پڕۆژە نیشتەجێبوونە گرانبەهاکانەوە کە تەنها بۆ دەوڵەمەندەکان دروست دەکرێن، لە کاتێکدا واقیعی ژیانی زۆرینەی خەڵک بەرەو سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

ئەم دەرەبەگایەتییە مۆدێرنە تەنها پشت بە خۆبەدەستەوەدانی ئێوە دەبەستێت! ئەی ئەو زۆرینە بێبەشەی کە لەسەر دەوڵەمەندترین خاکی جیهان بە برسیەتی دەخەون و باجی قورسی ئەم دزییە مێژووییە دەدەن؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم بێدەنگییە کوشندەیە بشکێنن! قبوڵکردنی ئەم واقیعە، واتە ڕازیبوون بە فرۆشتنی داهاتووی نەوەکانتان بە چەند تاڵانچییەک کە سامانتان لێ زەوت دەکەن. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە بە پارەی دزراوی ئێوەوە خۆیان بە زەبەلاح دەزانن، چونکە ئەم سیستەمە فێڵبازە لە ناوەوە ڕزیوە و لە ئیرادەی ئێوە دەترسێت، و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 34 Today: 33 📊 Click Here