خوێندراوەتەوە: (14.0K)

جانگير عبدلخالق

وەک چێشتلێنەرێک کە لەسەر خەرمانێک لە خەڵووز و دار دانیشتبێت، بەڵام منداڵەکانی لەناو ماڵەکەیدا لە سەرمادا بلەرزن و خواردنەکانیشیان بە کاڵی بخۆن، چونکە ئەو ئامادە نییە چیلکەیەک بشکێنێت تەنها لەبەر ئەوەی دەیەوێت تەواوی خەرمانەکە بە دراوسێکەی بفرۆشێت؛ حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرەیە. لە نیشتمانێکدا کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و غازی سروشتی خەوتووە، بڕانەوەی بەردەوامی کارەبا و مانەوە لە تاریکیدا، “کەمیی سەرچاوەی سروشتی” نییە کە بەهانەی بۆ بهێنرێتەوە؛ ئەمە ڕاگەیاندنی فەرمیی هەرەسهێنانی ئەقڵی حوکمڕانی و شکستی پلاندانانە. کاتێک وڵاتێک غازەکەی دەتوانێت شارە گەورەکانی دراوسێ ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام هاوڵاتیی خۆی ناچارە گوێ لە هاژەی بێزارکەری مۆلیدەی گەڕەک بگرێت، ئەوە پێی دەوترێت چەتەگەری، نەک قەیرانی وزە.

ئەم تاریکستانە، دەرەنجامی لاوازیی ژێرخان نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو قەیرانە دروستکراوەیە کە مافیا و کارتێلە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروستیان کردووە. دامەزراوەکانی هەرێم توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە حەوت هەزار مێگاوات کارەبایان هەیە، بەڵام لە واقیعدا تەنها نیوەی ئەو بڕە بەرهەم دەهێنن. بۆچی؟ چونکە ئەو غاز و سوتەمەنییەی کە دەبوو بدرێتە وێستگەکانی ناوخۆ، یان دەفرۆشرێتە دەرەوە یان قۆرخ کراوە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکرێت پارە بە کۆمپانیاکانی ئابووری سێبەر (وەک خاوەن مۆلیدەکان و هاوردەکارانی سوتەمەنی) بدات. لەم زەلکاوەدا، دەسەڵاتداران کارەبا وەک مافێکی سەرەتایی نابینن، بەڵکو وەک سزایەک دەیبینن کە لە کاتی پێویستدا بۆ بێدەنگکردن و ماندووکردنی میللەت بەکاریدەهێنن.

 “کاتێک دەوڵەت ناتوانێت خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات، ئەوا خەڵک ناچار دەکات بەدوای چارەسەری تاکەکەسی و گرانبەهادا بگەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکردنی گیانی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە نەیجیریای ژێر دەسەڵاتی گەندەڵکاراندا ڕوویدا، کاتێک وڵاتێک کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی ئەفریقا بوو، خەڵکەکەی لەناو دووکەڵی مۆلیدەکاندا دەخنکان، چونکە وەزیرەکان پشکیان لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی مۆلیدەدا هەبوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەمانیش بێشەرمترن؛ ئەوان بە ڕۆژ باسی “کوردستانێکی بەهێز و پڕۆژەی ڕووناکی” دەکەن و ئامارەکانی فرۆشتنی کارەبا بە ناوەڕاستی عێراق دەشارنەوە، بەڵام بە شەو هاوڵاتیی کورد دەبێت لەسەر ئارەقەی ناوچەوانی خۆی باجی دوو جۆر کارەبا بدات تەنها بۆ ئەوەی ماڵەکەی تاریک نەبێت. ئەمە نیشانەی نەبوونی توانایە؟ نەخێر، ئەمە بیناکردنی ئیمپراتۆریەتێکە لەسەر حیسابی ئازاری خەڵک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 15 Today: 34 📊 Click Here