لە دوای خۆپیشاندان و توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژییەکان نییە و تێکدەران بە سزای خۆیان دەگەن. سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد جیاوازیی ڕوون لەنێوان ئەو خۆپیشاندەرانەدا بکرێت کە داواکاریی ڕەوا دەخەنە ڕوو، لەگەڵ ئەوانەی کردەوەی تاڵانکاری و تێکدان ئەنجام دەدەن. ماکرۆن جەختیکردەوە کە «ئەو کەسانەی هەستاون بە وێرانکاری، دەبێت باجەکەی بدەن» و بـەڵێنیدا کە حکومەت بە توندییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرپیچیکاران و ئاژاوەگێڕاندا دەکات. سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنیدا کە بەرپرسە باڵاکان لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکان بڕیاری پێویست بۆ پاراستنی شارەکان، باڵەخانە گشتییەکان و دامەزراوەکان دەردەکەن. هاوکات ڕایگەیاند، «دیمەنی تێکدانی شەقامی شارەکانمان قبوڵکراو نییە» و پشتیوانیی خۆیشی بۆ خاوەن دوکان و ئەو کۆمپانیایانە دەربڕی کە بەهۆی ئاژاوەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
