محەمەد فایەق
کاتێک باسی دیاردەی سەرقاڵکردنی بەردەوامی شەقام و پەراوێزخستنی قەیرانە جەوهەرییەکان دەکرێت، زۆرجار کێشەکە تەنیا لە ڕەهەندی دەروونناسیی سیاسی یان مانۆڕی دەسەڵاتداران بۆ دوورخستنەوەی چاوی خەڵک لە گەندەڵی کورت دەکرێتەوە. بەڵام لە واقیعدا، ئەم دیاردەیە لە سنووری کۆنترۆڵکردنی سیاسی بەپەڕیوە و گۆڕدراوە بۆ ئابوورییەکی سەربەخۆ و سەرمایەدارییەکی گەورە. ناوەرۆکی ڤایرۆل، ئینفلۆئەنسەرەکان، میهرەجانە بێبایەخەکان، هەڵمەتەکانی ڕیکلام، سپۆنسەرشیپ، و نمایشە بەردەوامەکانی سۆشیاڵ میدیا، چیتر تەنیا ئامرازی کاتبەسەربردن نین؛ بەڵکو کەرتێکی ئابووریی هێندە گەورەن کە ڕۆژانە سەدان هەزار دۆلار لەناو بازاڕەکەیدا دێت و دەچێت.
پرسیارە جەوهەری و ئابوورییەکە ئەوەیە: ئایا سەرقاڵکردن بووەتە سیستەمێکی ئابووریی سەربەخۆ؟ و ئەگەر وایە، کێ قازانجی سەرەکی لە درێژەدان بەم بێئاگایییە گشتییە دەکات؟
لە شیکاریی ئەم ئابوورییە نوێیەدا، کۆمەڵێک لایەنی دیاریکراو سودمەندی یەکەم و کۆتایین. لە لایەکەوە، کۆمپانیا گەورەکانی ڕاگەیاندن، بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکی بێبەها، و سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا کە لە ڕێگەی کلیک، بینەر ، و تێکۆشانی جەماوەر لەسەر بابەتی بێمانا، ڕیکلامی ملیۆنی کۆدەکەنەوە. لە لایەکی ترەوە، دەستەبژێری سیاسی و سەرمایەدارە دروستکراوەکانی ناو سیستەمی حوکمڕانی کە لە پشت پەردەی ئەم جەنجاڵییەوە، ڕێککەوتننامە ئابوورییە گەورەکان تێپەڕێنن و بازاڕەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ دەکەن.
ئەم ئابوورییە لەسەر تێکدانی هاوسەنگیی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە کار دەکات. لە وڵاتێکدا کە کارگەیەکی دروستکراو وجودی نییە، ژێرخانی ئابووری ڕوو لە داڕمانە، و گەنجان بەدوای دەرفەتی کاردا وێڵن، پیشەسازیی “سەرقاڵکردن” تاقە کەرتێکە کە بەپەلە گەشە دەکات و قازانجی خەیاڵی تۆمار دەکات. ئەندازیارێک یان مامۆستایەک بە ساڵان خزمەت دەکات و ناتوانێت سەرەتاییترین مافەکانی ژیان دابین بکات، لە کاتێکدا دروستکەرێکی ناوەڕۆکی بێبەها بە هۆی شەڕەقسەیەک یان نمایشکردنی ڕەفاهیەت، لە شەوێکدا دەبێتە خاوەنی سەروەتێکی زۆر. ئەمەش بەهای کارکردن و ماندووبوونی ڕاستەقینە لە شوێنی خۆی دەجوڵێنێت.
لە هەناوی ئەم ئابوورییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “گەورەترین داهێنانی ئابووری لە عێراقدا ئەوە نییە کە توانراوە کەرتی پیشەسازی و ک کشتوکاڵ ببوژێنرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە توانیویانە لە برسییەکاندا بازاڕێک دروست بوبکەن کە تێیدا بێئاگایی و سەرقاڵبوون بە بەرزترین نرخ بپێورێت!”
کاتێک “سەرقاڵکردن” دەبێتە ئابوورییەکی سەربەخۆ، ڕزگاربوون لە داڕمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر قورستر دەبێت؛ چونکە لایەنەکانی خاوەن دەسەڵات و سەرمایە لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییان لەوەدایە کە کۆمەڵگە بە هەمیشەیی بە بینەریی بمێنێتەوە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە ئەم بازاڕە بێبەهایە بایکۆت بوبکرێت و هاووڵاتییان تێبگەن کە هەر خولەکێک لە سەرنجدانیان بۆ ئەم نمایشانە، دۆلارێکە بۆ باخەڵی ئەو کەسانەی کە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی واقیعی ژیانیانن.
