دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند ێکی ئاڕاستەی هاوتا چینییەکەی کردووە بۆ ڕاگرتنی پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ تاران، جەختیشی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران ئەنجامی “سەرسوڕهێنەر” یان هەبووە و ئێرانیان “تەفروتونا” کردووە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز بزنس”، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوای لە سەرۆکی چین کردووە کۆتایی بە ناردنی چەک و پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ ئێران بهێنێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گەمارۆ دەریاییەی وڵاتەکەی بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، کاردانەوەی توندی لێ کەوتووەتەوە و ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەتەواوی لەلایەن واشنتنەوە تێکشکێنراون. سەبارەت بە بازاڕی وزە، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات نرخی نەوت بۆ ئاستی پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تەنانەت کەمتر لەوەش دابەزێت. هەروەها ئاماژەی پێ کرد کە سەرکردەکانی ئێستای ئێران بەراورد بە پێشووتر “عەقڵانیترن” و نوێنەرایەتی سیستمێکی نوێ دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە تا تاران دەستبەرداری خەونی ئەتۆمی نەبێت، هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵدا ئیمزا ناکەن.
