خوێندراوەتەوە: (225)

سمکۆ علی ممند

لە یەکێک لە سەیرترین و تراجیکۆمیدیترین وێنەکانی ئابووری و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵەکان بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە و گاڵتەجاڕانە گۆڕاون؛ بە جۆرێک کە فەرمانبەری سادە و مووچەخۆر لەبری ئەوەی کرێی ماندووبوونی خۆی وەربگرێت، بووەتە گەورەترین قەرزدەر و پاڵپشتی دارایی بۆ حکومەتەکەی خۆی! لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بەڵێنی بونیاتنانی “ئابوورییەکی سەربەخۆ” و ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانییان بە گوێی میللەتدا دەدا، واقیعی تاڵ پێمان دەڵێت کە ئێستا حکومەت قەرزداری ملیۆنان دۆلاری فەرمانبەرەکانیەتی، کەچی زۆر بێشەرمانە مامەڵەیەکی وەها لەگەڵ ئەو هاوڵاتییە ماندووانە دەکات وەک ئەوەی ئەوان قەرزداری دەوڵەت بن. کاتێک مامۆستایەک، پزیشکێک یان فەرمانبەرێک بۆ چەندین مانگ بەبێ وەرگرتنی یەک دینار کار دەکات و ناچارە باری قورسی بژێویی خێزانەکەی و قەیرانەکانی وڵات بەتەنیا بخاتە سەر شانی خۆی، حکومەت لەبری داوای لێبووردن، پسوولەی باج و کرێی کارەبا و ئاوی بۆ دەنێرێت و هەڕەشەی بڕینی خزمەتگوزارییەکانی لێ دەکات.

ئەمە لوتکەی داڕمانی ئەخلاقی و ئیدارییە کاتێک ئەندازیارانی شکستی ئابووری لەناو کۆشکەکانیاندا دەژین و مووچەی خەڵک دەخۆن، لە کاتێکدا فەرمانبەری داماو دەبێت قەرز لە دوکاندار و دراوسێکەی بکات تەنیا بۆ ئەوەی بژی و بتوانێت بەیانیان بچێتەوە بۆ دەوام تا خزمەتی هەمان ئەو حکومەتە بکات کە گیرفانی بڕیوە و مافی زەوت کردووە.

سیستەمێک کە تێیدا خاوەن ماف وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەسەڵاتیش بە پارەی نەدراوی خەڵک خۆی بەڕێوە ببات، نەک هەر شکستخواردووە، بەڵکو گەورەترین سووکایەتییە بە کەرامەتی مرۆڤی کورد کە خەونی بە دەوڵەتدارییەوە دەبینی، کەچی ئێستا بووەتە قوربانیی کۆمپانیایەکی حزبیی مایەپووچ کە تەنانەت ناتوانێت کرێی کارمەندەکانی خۆیشی بدات و شەرمەزاریش نییە لەوەی فەرمانبەرەکانی کردووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ئیفلیجییەکانی خۆی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 1,686 📊 Click Here