وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، فڕینی هەر درۆنێک بەبێ مۆڵەت وەک ڕەفتارێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکات. وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، پێویستـە سەرجەم چەکەکان لە تەواوی وڵاتدا بکەونـە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی ڕاسـتەوخۆی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە ستراتیژیی حکومەت بۆ بنبڕکردنی دیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆشداریی توند دراوەتە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەی فەرمی. بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، هەر جووڵە و فڕینێکی بێمۆڵەتی درۆنەکان لە ئاسمانی وڵاتدا، ڕاستەوخۆ وەک کردەوەی تیرۆریستی دەستنیشان دەکرێت و مامەڵەی توندی ئەمنی بەرانبەر ئەنجامدەرانی دەکرێت.
