خوێندراوەتەوە: (369)

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، ئاگرێکی بەهێز لە کۆگایەکی سووتەمەنی ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و دوای چەندین کاتژمێر هەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، کە بەهۆیەوە ٣٠ کەس برینداربوون و زیانی گەورەی مادی بە کۆگاکە کەوت. بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە کۆگایەکی بەنزین لە نزیک شاڕێی ١٠٠ مەتریی سلێمانی بە هۆکارێکی نەزانراو کەوتوەتەوە و دەستبەجێ بڵێسەی ئاگر و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە. دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە دوای چەندین کاتژمێر کارکردنی بەردەوام ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن. لەم ڕووداوەدا ٣٠ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. هەروەها لە ڕووی مادییەوە زیانێکی زۆر بەر کۆگاکە کەوتووە، بە جۆرێک نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بەنزین بە تەواوی سووتاوە و زیاتر لە ٢٥ تانکەری سووتەمەنیش گڕیان گرتووە. لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەردەوامن. هاوکات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکە هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بازاڕ نابێت و نابێتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی. ئاگرەکەی تانجەرۆ بە جۆرێک گەورە و فراوان بووە تەنانەت میدیا جیهانییەکانیش گرینگییان پێدا و ڕووماڵیان کرد، لەوانە میدیا عەرەبییەکانی ناوچەکە و کەنداوی عەرەبی و هەروەها میدیاکانی ئەورووپا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 204 Today: 1,419 📊 Click Here