خوێندراوەتەوە: (12)

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی کۆتایی جەنگی غەززە دەکات، ناوێکی گەورە لەنێو خۆڵەمێشی شەڕەکەوە سەرهەڵدەداتەوە؛ محەمەد دهحلان ئەو پیاوەی ساڵانێک بوو ژیان لەغوربەتو مەنفا دهژیاو دورخرابوهوه، ئێستا گەڕاوەتەوە وەک تەنها ئەڵقەی ونبوو کە دەتوانێت واشنتۆن، ئەبوزەبیو تەنانەت بزوتنەوەی حەماسیش لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە.

لەدوژمنێکی سەرسەختەوە بۆ فریادڕەس
دهحلان کە ساڵی 2007 بەشکستی لەبەرامبەر حەماس غەززەی جێهێشت، ئێستا بەپڕۆژەیەکی بومەلەرزە ئاسا دەگەڕێتەوە، ئەو چیتر تەنها سیاسییەکی دێرین نییە، بەڵکو وەک ئەندازیاری ڕۆژهكانى دوای شەڕ مامەڵە دەکات، بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، دهحلان لەپشت پەردەوە خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژبەیەکە کە تێیدا حەماس، جیهادی ئیسلامیو ڕەوتە چاکسازیخوازەکەی خۆی، لەیەک لیستدا دژی ئەبو مازن کۆدەکاتەوە.

دیپلۆماسیی “تەلەفۆنە گەرمەکان”؛ لەکۆشنەرەوە بۆ حەماس
ئەوەی ئەمجارە دهحلان لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو هێزەیە کە لەپشتییەتی، ئەو تەنها لەگەڵ خەلیل حەییەی سەرکردەی حەماس کۆنابینەوە، بەڵکو هێڵێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جارید کۆشنەری زاوای ترهمپو داڤید زینی سەرۆکی شاباکی ئیسرائیل هەیە (شاباک چاوی ناوخۆیی ئیسرائیلەو هەموو ئەو دۆسیانە بەڕێوەدەبات کە پهیوەندییان بەئاسایشی نیشتمانیو گروپە فەڵەستینییەکانو پاراستنی بەرپرسە باڵاکانەوە هەیە).

پەیامەکەی دهحلان بۆ حەماس ڕونو دراماتیکییەو دهڵێت، “چەکو حوکمڕانی ڕادەستبکەن، تاوەکو لەگۆڕەپانی سیاسییو جیهانیدا بتانپارێزم”، ئەمە ئەو خاڵە وەرچەرخانەیە کە واشنتۆنو وڵاتانی عەرەبی بەدوایدا دەگەڕێن.

ملیۆنەها دۆلاری ئیمارات؛ چەکەکەی دەستی دهحلان
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لەوەدەکەن، ئەبوزەبی سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکەی دهحلان تەرخانکردوە، لەڕێگەی دەزگای (الفارس الشهم)ەوە، دهحلان خەریکی کڕینەوەی دڵو دەرونی خەڵکی برسیو ماندوی غەززەیە، ئەو دەیەوێت بەنانی ئیماراتو بەفیکری خۆی، غەززەیەکی نوێ بونیادبنێتەوە کە نە حەماس تێیدا حاکم بێتو نە ئەبو مازنیش دەسەڵاتی تێدا هەبێت.

ڕاستی یان تەنها “نمایشی هەڵبژاردن”؟
پرسیارە گەورەکە لێرەدایە، ئایا دهحلان بەڕاستی خەریکی گۆڕینی نەخشەی ناوچەکەیە، یان ئەمە تەنها ههڵمهتێكى هەڵبژاردنی زۆر زیرەکانەیە؟، بۆ وهڵامى ئهم پرسیاره زۆرینه پێیانوایه، دهحلان مامۆستای یارییە سیاسییەکانەو دەزانێت چۆن وا لەجیهان بکات بڕوابکەن کە ئەو تەنها کلیلە بۆ دەرگا داخراوەکانی غەززە.

چاودێران تهئكیددهكهنهوه، ئەگەر دهحلان سەرکەوتوبێت، جیهان دهبێته بینەری گەورەترین وەچەرخانی مێژویی لەفەڵەستین؛ هاوپەیمانییەک لەنێوان دوژمنە کۆنەکان (حەماسو دهحلان) بۆ تێکشکاندنی دۆستە کۆنەکان (ئەبو مازن)، غەززەش چاوەڕێی ڕۆژانی دوای شەڕ دەکاتو وا دەردەکەوێت دهحلانیش پێش هەموان گەیشتوەتە ناو ئەو ڕۆژە!

محەمەد دهحلان کەسایەتییەکی سیاسییو ئەمنی پڕ لەمشتومڕی فەڵەستینییەو پێشتر فەرماندەی دەزگای ئاسایشی پارێزگاری بوو لەکەرتی غەززە، ئەو وەک یەکێک لەسەرکردە هەرە کاریگەرو بەهێزەکانی بزوتنەوەی فەتحو نەیارێکی سەرسەختی حەماس دەناسرا، بەڵام دوای ئەوەی لەساڵی 2007 حەماس بەزەبری چەک کۆنترۆڵی غەززەی کرد، پێگەکەی لەدەستداو دواتر بەهۆی کێشەی توند لەگەڵ مەحمود عەباس، لەبزوتنەوەی فەتح دەرکرا، لەساڵی 2011وە لەئیمارات نیشتەجێیەو وەک ڕاوێژکارێکی باڵاو نزیکی محەمەد بن زاید کاردەکات، لەوێوە ڕەوتی چاکسازیی فەتحو تۆڕێکی فراوانی داراییو مرۆیی بەڕێوەدەبات.

ئێستا دهحلان وەک کارەکتەرێکی ستراتیژیی بۆ قۆناغی ڕۆژانى دوای شەڕ لەغەززە سەرهەڵدەداتەوە، چونکە توانایەکی بێهاوتای هەیە لەیارییکردن لەنێوان هاوسەنگییە دژەکاندا، ئەو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکاو دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەیە، هاوکات لەڕێگەی دیپلۆماسیی هاوکارییەکانو پارەی ئیماراتەوە پێگەی خۆی لەناو غەززە بەهێزکردوەتەوە.

ئەوەی ئێستا دەنگدانەوەی دروستکردوە، کرانەوەی دهحلانه بەڕوی سەرکردایەتی حەماسدا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک، ئەمەش وای لێکردوە ببێتە تەنها کەسێک کە بتوانێت ببێتە “پردی پەیوەندی” لەنێوان پارەی عەرەبی، ڕەزامەندیی نێودەوڵەتیو واقیعی سەر زەوی لەغەززەدا.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 116 Today: 1,266 📊 Click Here