سەربەست حوسێن مەحموود
کاتێک باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت، زۆرجار وێنەکە لە چوارچێوەی “کێشەی دەستووری، نەوت، یان ماددەی ١٤٠”دا کورت دەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر زۆر بە وردی سەیری واقیعی ئێستای خەڵکی کوردستان بکەین، دەبینین کە ململانێکە گۆڕاوە بۆ یەک شت: “مووچە!” لە ڕاستیدا، مووچەی فەرمانبەران چیتر مافێکی سروشتی و بەرامبەرێک نییە بۆ کارکردن، بەڵکو بووەتە گەورەترین و کوشندەترین چەکی سیاسی لە دەستی بەغدادا بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم و گوشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی کورد.
کێشەکە لێرەدایە کە دەسەڵاتی فیدراڵی، لەبری ئەوەی کێشەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکاتەوە (وەک ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە)، هەمیشە دەیبەستێتەوە بە زنجیرەیەک مەرجی ئاڵۆزەوە؛ جارێک باسی “پاکتاوکردنی لیستی ناوی فەرمانبەران و پرۆسەی تەوتین” دەکات، جارێکی تر پرسی داهاتی نەوت و ڕادەستکردنی بە سۆمۆ دەورووژێنێت، و کاتێک ئەوانەش چارەسەر دەبن، بیانووی ڕادەستکردنی “نیوەی داهاتە ناوخۆیی و نانەوتییەکان” دەهێنێتەوە. تەنانەت کاتێک هەرێم لە مانگی ئایار و تەمموزی ساڵی ٢٠٢٥دا ڕێککەوتنی کرد بۆ ڕادەستکردنی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان (کە زیاتر لە ٣٨ ملیۆن دۆلاری ڕەوانەی بەغدا کرد)، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە بودجەدا مووچەکانی ڕاگرت. ئەمە نیشانی دەدات کە مەبەستی بەغدا تەنیا وردبینیی ژمێریاری نییە، بەڵکو بەکارهێنانی قوتی خەڵکە وەک ئامرازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتیی کورد و حکومەتەکەی خۆی. لە بەرامبەریشدا، حکومەتی هەرێم کە خۆی سەردەمانێک دروشمی “ئابووریی سەربەخۆ”ی بەرز دەکردەوە، ئێستا هێندە لاواز بووە کە مانگانە دەبێت چاوەڕێی سۆز و بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بکات.
ئەمەیە لوتکەی تراجیکۆمیدیای حوکمڕانی: لە کاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان لە کۆشکەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ملیارەها دۆلار و پشکی بودجە دانوستان دەکەن، فەرمانبەرێکی سادە دەبێت لە بازاڕدا لەگەڵ خاوەن دوکانێک دانوستان بکات بزانێت ئایا دەتوانێت قەرزەکانی مانگی داهاتوو دوابخات یان نا! هاوڵاتی بۆی گرنگ نییە کێ لەم شەڕەدا دەیباتەوە، پارتی، یەکێتی، یان حکومەتی فیدراڵی؛ ئەوەی ئەو دەیەوێت، تەنیا ئەوەیە لە کاتی خۆیدا کرێی ماندووبوونەکەی پێ بدرێت.
