خوێندراوەتەوە: (1)

یەشار ستار ئەحمەد

لە هەرێمی کوردستاندا، کەرتی کارەبا بووەتە باشترین پێوەر بۆ پێوانەکردنی وەرزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان! هەر کاتێک دەبینین کە گڵۆپی ماڵەکان بەبێ بڕان دەدرەوشێنەوە و حکومەت لەپڕ دەبێتە پاڵەوانی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی و مژدەی “کۆتاییهاتنی سەردەمی مۆەلیدەکان” بەسەر خەڵکدا دەبارێنێت، دەبێت یەکسەر بزانین کە سندوقەکانی دەنگدان لە ڕێگەن. لەم وەرزەدا، دەسەڵاتداران وەها وێنای دەکەن کە بە سیحرێک کێشەی تەکنیکی و کەمیی گازوایل لە وێستگەکاندا نەماوە، و هاوڵاتییانیش بۆ ساتێک هەست بەو ئیحساسە نامۆیەی “وڵاتبوون” دەکەن. بەڵام هەر ئەوەندەی کە هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن و دەنگەکان دەچنە ناو سندوقەکانەوە، یەکسەر سیحرەکە بەتاڵ دەبێتەوە و گڵۆپەکان دەکوژێنەوە؛ لە ناکاو وێستگەکان “کێشەی تەکنیکی”یان تێدەکەوێت، گازی سروشتی “کەم دەکات”،

و دیسانەوە هاوڵاتیی داماو ناچار دەکرێتەوە پەنا بۆ فریادڕەسە کۆنەکەی ببات: مۆەلیدەی گەڕەک! ئەمە ئەو شانۆگەرییە گاڵتەجاڕییەیە کە تێیدا کارەبای نیشتمانی تەنیا میوانێکی کاتییە و وەکو کارتی بانگەشە بەکاردەهێنرێت، نەک وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ هاوڵاتییان. ئەم گاڵتەجاڕییە تەنیا فێڵێکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو گوزارشتە لە سیستەمێکی حوکمڕانیی ئیفلیج کە ناتوانێت یان نایەوێت کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات، چونکە هەمیشە بازرگانییەکی شاراوەی قازانجخوازانە لە پشتی قەیرانەکانەوە بوونی هەیە. خەڵک بە تەواوی لەم یارییە تێگەیشتووە و دەزانێت کاتێک حکومەت دروشمی “ڕووناکی” بەرز دەکاتەوە،

لە ڕاستیدا تەنیا خەریکی نمایشێکی کاتییە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی داڕماوە. چیرۆکی کارەبا لە کوردستاندا بووەتە سوڕێکی بێزارکەر و پێشبینیکراو کە هەمووان ئەزبەریان کردووە، سوڕێک کە بەردەوام بەم شێوەیە دووبارە دەبێتەوە: بەڵێنی گەورە لەسەر شاشەکان، ئاهەنگگێڕانێکی کاتی، ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر تاریکیدا، دواتر بڕانی لەناکاوی کارەبا، گەڕانەوە بۆ خزمەتی مۆەلیدەکە، و دیسانەوە دووبارەبوونەوەی هەمان قەوان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 55 Today: 2,649 📊 Click Here