ئارام جەمال خدر
لە کایەی سیاسەت و جیوپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەترسیدارترین دیاردەی ئیداری و ئەمنی، بریتی نییە لە تەنیا دەستوەردانی ڕاستەقینەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بریتییە لە ڕەخساندنی “فەزای بەتاڵ و نادیار” لە ئەنجامی شکستی بەردەوامی هەولێر و بەغدا لە یەکلاکردنەوەی کێشە بنەڕەتی و ستراتیژییەکانی نێوانیان! تێگەیشتنی فەلسەفیی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتی پێمان دەڵێت کە سروشت و سیاسەت لە بنەڕەتدا ڕقیان لە فەزای بەتاڵە؛ کاتێک دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن فەزایەکی ئیداری، ئابووری، یان ئەمنی پڕ بوبکەنەوە، ئەوا بە ناچاری و بەپێی یاساکانی هاوکێشەی هێز، ئەکتەرێکی تر دێت و ئەم بۆشایییە بە تەواوەتی دادەپۆشێت — چ لە ڕێگەی هەژموونی سیاسیی ناڕاستەوخۆ، دروستکردنی پەیوەندیی ئابووریی سەربەخۆ، سەپاندنی هاوکێشەی ئەمنی نوێ، یان دروستکردنی دەستکەوتی دیپلۆماسی! لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا،
دواخستن و ڕاکێشانی بەردەوامی کێشەکانی نەوت، بودجە، ناوچە کێشەلەسەرەکان و مافە دەستوورییەکان، نەبووەتە هۆی بەهێزبوونی چەمکی سەروەریی نیشتمانی، بەڵکو بووەتە هۆی دروستکردنی بازاڕێکی کراوە بۆ ئەکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تا دەست بەسەر یارییەکدا بوبگرن! پرسیارە جەوهەری و سەختەکە لێرەدا ئەوەیە: کاتێک دەستەبژێری حکومڕان لە هەردوو لا ناتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ یەک تێگەیشتنی نیشتمانی دروست بوبکەن، ئەوا چارەنووسی سەروەریی وڵاتەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی سیستەمی سیاسی لە هەردوو بەشەکەدا بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە ئەوەندە سەرقاڵی ململانێ و بەخشینی تاوانەکانین بە سەر یەکتریدا، تاوەکو بە تەواوەتی لەبیرمان چوو کە کێلی سەروەریی نیشتمانەکەمان تەسلیمی ئەکتەرانی تر کردووە!
” ئەم بۆشایییە بەتاڵە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی چەمکی ئیرادەی نیشتمانی چونکە تێیدا بڕیارە ستراتیژییەکان لەبری ئەوەی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی بەغدا یان هەولێر دەربچن، لە ناو بازنەی بەرژەوەندیی هێزەکانی تردا دیاری دەکرێن. کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسیی کورتبین بێت لە بەرامبەر لایەنی تردا، ئیتر دروشمەکانی پاراستنی سەروەری و مافە دەستوورییەکان دەبنە کەرەستەیەکی بێبەهای میدیایی. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی هەولێر و بەغدا لە گرنگیی پڕکردنەوەی ئەم فەزا بەتاڵە نەگەن بە چارەسەری ئەقڵانی و دەستووری، ئەم بۆشایییە بەردەوام دەبێت لە فراوانبوون و هێزەکانی تریش بە ئارامی حوکمڕانیی ڕاستەقینەی ناوچەکە بەڕێوە دەبەن.
