خوێندراوەتەوە: (1)

ڕابەر عەلی – چالاکوان

پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە کێشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێم. دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، هیچ یەک لە دوو حیزبە سەرەکییەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە تەنیا نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن؛ پارتی کە ٣٩ کورسی و یەکێتی کە ٢٣ کورسییان بەدەستهێنا لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی هەرێم.                           

بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای ڕەخنەیە، ئەوەیە کە بەرژەوەندییە حزبییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە ماوەیەکی درێژدا بووەتە بەربەستێک لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ. تا ئەیلوولی ٢٠٢٦، هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆپێکهێنانی کابینەی دەیەم لە ئارادا نیە.                              

ئەم دواکەوتنە تەنها کێشەیەکی نێوان حیزبە سیاسییەکان نییە؛ بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەبێت. کاتێک حکومەت بە شێوەیەکی تەواو و بە پرۆگرامێکی نوێ کار ناکات، بۆ جێبەجێکردنی هەندێک پلان و بڕیاری ستراتیژی گرنگ.

لە بواری ئابووریدا، نادیاریی سیاسی دەتوانێت ژینگەی وەبەرهێنان و هەلی کارو بازاڕ سڕ بکات. هاوڵاتیانی هەرێم، بە تایبەتی گەنجان، بەردەوام لەگەڵ کێشەی بێکاری و نادیاریی داهاتووی ئابووری ڕووبەڕوو دەبنەوە.

لە ناو خێزانەکانیشدا، کاریگەرییەکە دەتوانێت زیاتر هەست پێبکرێت. بۆ نموونە، خێزانێک کە تەنها یەک کەسی مووچەخۆر هەیە، هەر نادیارییەک لە داهات و مووچە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کرێی ماڵ، خواردن، خوێندنی منداڵان، دەرمان و خەرجییەکانی ڕۆژانە دابنێت.

یەکێتی و پارتی هەردووکیان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سیاسییان لە بەرامبەر ئەو دۆخە هەیە. هیچ کامیان بە تەنیا زۆرینەی کورسی پەرلەمانی نییە، بۆیە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هاوکاری و ڕێککەوتنی هەردوولا هەیە.

ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە بۆچی ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزب کە ساڵانێکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەڕێوەبەرو پلان داڕێژەری هەرێمن، دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ ببێتە هۆی بەردەوامبوونی نادیاریی سیاسی.

هەروەها، پێویستە هەردوو حیزبەکە ڕوونی بکەنەوە کە لە گفتوگۆکاندا بەرژەوەندیی هاوڵاتی چەندە لە پێش بەرژەوەندیی پۆست و دەسەڵات دادەنرێت. خۆی یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت «بەشدارییەکی ڕاستەقینە» لە حکومەتدا هەبێت، لە کاتێکدا پارتیش وتوویەتی گفتوگۆ ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی پێکهێنانی حکومەتە.

کێشەکە لەوەدایە کە هاوڵاتی پێویستی بە حکومەتێک هەیە کە بڕیار بدات، خزمەتگوزاری دابین بکات و بەرپرسیار بێت؛ نەک تەنها حکومەتێک کە پۆستەکان لەنێوان حیزبەکاندا دابەش بکات.

دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانەی قووڵی ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتییە. ئەنجامی ئەو ناکۆکییە تەنها لە ناو هۆڵەکانی پەرلەماندا نامێنێتەوە، بەڵکو دەتوانێت بگاتە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی، خێزان، گەنج، کارمەند و وەبەرهێنەر.                                                                   

لە کۆتاییدا، پێویستە هەردوو حیزبی سەرەکی لەبری درێژکردنەوەی ململانێی دەسەڵات و پۆست، بەرژەوەندی گشتی و داهاتووی هاوڵاتیان بخەنە پێشەوە. چونکە هاوڵاتیان و ژیانی خێزانەکان نابێت ببێتە نرخێک بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 45 Today: 2,950 📊 Click Here