خوێندراوەتەوە: (10)

ڕەنجدەر محمد – چالاکوان

مەسەلەی درووست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی کە گوزارشت بێت لە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان تەنها بەوە نابێت تۆ هێزی پێشمەرگە لە یەکەی حەفتا و هەشتاوە بگۆڕیت بۆ دەڤەری یەک و دوو پاشان ئەو بابەتە ناکرێ هەر ناوێکی بێ ناوەڕۆک بێت ، بۆ ئێمەی ئازادیخوازان کە جەوهەر و کڕۆکی پارتی یەکێتی دەناسین ئەو ڕاستیە دەزانین کە مەسەلەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و درووست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی کە ئامانج لێی پارێزگاری کردن بێت لە خاک و نیشتیمانی هەرێمی کوردستان لە توانای پارتی و یەکێتی دا نییە چونکە عەقڵیەت و دونیابینی ئەم دوو هێزە هێشتا تەجاوزی شارچیەتی و خێڵگەرایی نەکردووە و ئەمانە هێشتا بە هەمان نەفەسی مەلایی و جەلالی ساڵانی شەستەکان سیاسەت دەکەن .

٢٨ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر پێکهاتنەوەی هەردوو حزب و کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوەخۆ هێشتا بازگەی دێگەڵە ئەم هەرێمەی کردووە بە دوو زۆنی جیا کە گەندەڵی و ستەمکاریی نەبێت هیچ شتێکیان لەیەکتر ناچێت ، بۆیە ئەوەی لای ئێمە ڕوونە و گومانمان لێی نییە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی ئەو لەشکرە لە گەنجی ئەم هەرێمەیان کە کردووە بە چەکدار هەرگیز بۆ مەبەستی پاريزگاری کردن نییە لە نیشتیمان بەڵکو تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حزب و بنەماڵەی دەسەڵاتدارە ئینجا بۆ سەرکوت کردنی دەنگی ناڕازی و ئازادیخوازنە ، بۆیە هەتا ئەم هێزانە بڕیار لە سەرانی پارتی و یەکێتی وەربگرن و بە ئیعازی ئەوان بجوڵێن مەحاڵە بتوانن هێزی نیشتیمانی بن بەڵکو هەر وەک میلشیای حزبی دەمێننەوە .

یەکێک لەو بابەتانەی کە جووت حزبی دەسەڵات بۆیان هەزم ناکرێت ئەوەیە کە قبوڵ ناکەن سوپایەک درووست بێت بڕیار لە یەک دەزگا یاخود دامەزراوەی نیشتیمانی وەربگرێت بەڵکو ئەوان دەیانەوێ کاک فلان و مام فلان و شێخ فلان فەرمانیان بەسەردا بکات و بە ئارەزووی دڵی حزب بیانجوڵێنێت چونکە خۆیان چاک دەزانن یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەیان لە دەسەڵات بوونی هێزی چەکدارە هەر کاتێک ئەو هێزەیان بەدەستەوە نەمێنێت کۆنتڕۆڵیان بەسەر بازگەکانی هاوشێوەی دێگەڵەوە نامێنێت ئەوکات خەڵک ترسی لێیان نامێنێ و لە دەسەڵات دووریان دەخاتەوە بۆیە پارتی و یەکێتی دوو حزبی میلشیایین و هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر لەپێناو ئەوەی هێزی چەکدار هەر بەدەست خۆیانەوە بمێنێت و سوپای نیشتیمانی درووست نەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 182 Today: 2,333 📊 Click Here