چین لە دۆسیەی ئێراندا داوا لە ئەمریكا دەكات لە دانوستان بەردەوام بێت و لە پرسی تایوانیشدا هۆشداریی بە ئەمریكا دەدات. لە ڕاگەیەنراوێكدا لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و چین لە میانی سەردانی ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشكرای كرد: شی چین پینگ بۆ ماوەی هەشت كاتژمێر گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەبارەی پەیوەندییەكانی هەر دوو وڵات و ئاشتی و گەشەی جیهانی ئەنجام داوە. بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند: سەرۆك شی لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی كردووەتەوە، كە بەكارهێنانی هێز كێشەكان چارەسەر ناكات و گفتوگۆ تاكە ڕێچارەیە. لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: چین هانی واشنتۆنیشی داوە لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە لە دانوستان بەردەوام بێت و بەرەو ئاگربەستی هەمیشەیی و كردنەوەی گەرووی هورمز لە زووترین كاتدا هەنگاو بنێن. لە دۆسیەی تایوانیشدا، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند: سەرلەنوێ یەكگرتنەوە لەگەڵ تایوان پرسێكی گرنگ و مێژوویی وڵات و حزبی شیوعی چینە. هۆشدارییشی دا، كە هەر مامەڵەیەكی نەگونجاو لەگەڵ ئەو پرسەدا لەوانەیە ببێتە مایەی ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی پەكین و واشنتۆن، یاخود سەر بۆ ململانێ بكێشێت.
