بەختیار جەزا جەلال
کوردستان وەکو پردێک کە پایەکانی لە ناو قوڕ و لیتەدا چەقیون و خەریکە دادەڕووخێت، بەڵام دەسەڵاتداران لەبری نۆژەنکردنەوەی، تەنیا ڕووناکییەکی گەورەیان خستووەتە سەر تابلۆی ناوی پردەکە تا لە دوورەوە درەوشاوە دەربکەوێت. ئەو شۆفێرانەی کە لە نزیکەوە دەیبینن، قەدەغەکراوە قسە بکەن، و ئەوانەشی لە دوورەوە سەیری دەکەن، تەنیا تابلۆکە دەبینن. ئەمە ڕێک وێنەی ئیدارەدانی زانیاری و ڕاگەیاندنە لە هەرێمی کوردستان. کاتێک حکومەتێک دەست بەسەر هەموو سەرچاوەکانی زانیاریدا دەگرێت، ئیتر هیچ باسێک لەسەر “سەرکەوتن” یان “گەشەپێدان” نامێنێتەوە کە جێگەی باوەڕ بێت؛ چونکە لەو ساتەوە، پرسیارە گەورەکە ئەوە نییە کە ئایا پرۆژەکە سەرکەوتوو بوو یان نا، بەڵکو پرسیارەکە دەبێتە ئەوەی: دەسەڵات چ شتێکی لێ شاردووینەتەوە؟ هەر چیرۆکێکی سەرکەوتن کە بە زۆر بەسەر گوێی خەڵکدا دەسەپێنرێت، لە بنەڕەتدا چیرۆکی نەبوونی شەفافیەت و مردنی ڕاستییە.
لە سیستەمێکدا کە ئامارەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوتی دزراو، خەرجییەکان، و ژمارەی موچەخۆری بن دیوار وەک نهێنی سەربازی دەپارێزرێن، ڕاگەیاندن دەبێتە ئامرازێکی شتنەوەی مێشک. میدیای سێبەر و دەزگا فەرمییەکان، بەردەوام ڤیدیۆی بریقەدار لەسەر کردنەوەی شەقامێک یان دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەک بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەن خەڵک بزانێت کام کۆمپانیای حزبی پرۆژەکەی وەرگرتووە و چەند لە داهاتی گشتی بۆی تەرخان کراوە. کاتێک زانیاری قۆرخ دەکرێت، دەسەڵات چیتر پێویستی بەوە نییە کارێکی باش بکات؛ تەنیا پێویستی بەوەیە وا نیشان بدات کە کارێکی باشی کردووە. لەو دۆخەدا، تەنانەت دروستکردنی قوتابخانەیەکیش دەبێتە جێگەی گومان، چونکە بێ شەفافیەت، باشترین کارەکانیش دەبنە پەردەیەک بۆ غەسلی پارە.
(وەک چۆن ئێدوارد سەعید دەڵێت: “فاکتەکان هەرگیز خۆیان نادوێن، بەڵکو پێویستیان بە گێڕانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پەسەندکراو هەیە بۆ ئەوەی هەڵبمژرێن و بڵاوببنەوە”) — ئەمەش ڕێک ئەو سیاسەتە بوو کە لە ڕۆمانیای سەردەمی چاوچێسکۆدا پەیڕەو دەکرا، کاتێک دەوڵەت هەموو کەناڵەکانی زانیاری قۆرخ کردبوو و ڕۆژانە هەواڵی زیادبوونی بەرهەمی گەنمی بڵاو دەکردەوە، لە کاتێکدا میللەت لە برسا دەمرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێمە، لە جیاتی ئەوەی ڕاستییەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکەنەوە، سوپا گەورەکەی میدیای سێبەریان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی هەر قەیرانێک وەک دەستکەوت نیشان بدەن. ئەوان پێیان وایە بە کۆنترۆڵکردنی شاشەکان دەتوانن برسێتی و بێکاری لە یادەوەریی خەڵکدا بسڕنەوە، بێئاگا لەوەی کە خەڵک ڕاستییەکان نەک لە شاشەکان، بەڵکو لە گیرفانی بەتاڵی خۆیاندا دەخوێننەوە.
