یاد هیوا عەبدوڵا
بەپێی نەخشە جوگرافییەکان و دەستوور، هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی یەک وڵاتدان؛ هاوڵاتییانی هەردوو ناوچەکە هەمان پاسپۆرت هەڵدەگرن، بە هەمان دراوی دینار مامەڵە دەکەن، و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە یەک دەوڵەت نوێنەرایەتییان دەکات. بەڵام کاتێک سەیری واقیعی تاڵی سەر زەوی و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان دەکەین، دەبینین کە ئەم دوو ناوچەیە لەسەر دوو هەسارەی تەواو جیاواز دەژین. لە کاتێکدا لە بەغدا، سەرباری هەموو کێشە ئەمنی و گەندەڵییەکان، فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن، بازاڕەکان جوڵەیان تێدایە، نرخی سووتەمەنی هەرزانە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تا ئاستێک بەردەوامن؛ کەچی لە هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییان لەناو سوڕێکی بێکۆتایی چاوەڕوانیدا دەژین و بۆ وەرگرتنی سادەترین مافی خۆیان کە مووچەیە، دەبێت گوێ لە شیکردنەوەی بێزارکەری مەکتبە سیاسییەکان بگرن. ئەمە ئەو کاتە کۆمیدییەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوام بانگەشەی دروستکردنی “دوبەی” و پێشکەوتنی ئابووری دەکەن، کەچی هاوڵاتییەکەیان بە حەسرەتەوە سەیری ژیانی فەرمانبەرێکی بەسرە یان نەجەف دەکات کە چۆن دەتوانێت مانگانە بێ ترس پارەی کرێی خانووەکەی بدات و ئۆتۆمبێلەکەی بە نرخێکی هەرزان پڕ بکات لە بەنزین.
ئەم دوو واقیعە جیاوازە بەرهەمی ململانێی جوگرافی نییە، بەڵکو بەرهەمی دوو مۆدێلی جیاوازە لە حوکمڕانی و مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی گشتی. لە هەرێمدا، سیستەمی پشکپشکێنەی حیزبی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت داهاتی ناوخۆ، نەوت، خاڵە سنوورییەکان و باجی سەر شانی هاوڵاتیی هەژاریش دەچێتە خزمەتی کۆمپانیاکانی دەسەڵاتەوە و وڵات وەک قوربانییەکی هەمیشەیی دەردەکەوێت. کاتێک هاوڵاتیی کورد دەبینێت کە سامانەکەی لەلایەن چەند سەرمایەدارێکی ناوخۆییەوە تاڵان دەکرێت و دواتریش هەمان ئەو دەسەڵاتە گلەیی لە بەغدا دەکات کە گوایە ئەوان هۆکاری قەیرانەکانن،
ئیتر متمانەی بە هەموو دروشمە نەتەوەییەکان نامێنێت و پرسیار لەسەر لێپرسینەوە و شەفافییەت دەکات. هاوڵاتییان چیتر بە پاساوی “پاراستنی قەوارەی هەرێم” ڕازی نابن کاتێک دەبینن ئەو قەوارەیە تەنیا بۆ پاراستنی گیرفانی چەند کەسێکە، نەک بۆ دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ ئەو خەڵکەی کە خوێنی بۆ داوە. لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی سامانەکان لە ئاستی ئەو پۆتانسێلە زەبەلاحەدایە کە هەرێم هەیەتی، یان ئەمە تەنیا شکستی سیستەمێکە کە دەبێت لەبەردەم شەقامدا باجی ئەم تاڵانکارییە بدات؟
