ئازاد ئیسماعیل موستەفا
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیویانە سامانی نەوت و غازی نەتەوەیەک کە دەبوو ببێتە هۆی بونیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و ئابوورییەکی سەربەخۆ، بە شێوەیەکی زۆر قێزەون بچووک بکەنەوە بۆ ئاستی ململانێ و شەڕەقسەیەکی بێمانا لەسەر ترومپای بەنزینخانەکان و جیاوازیی چەند سەد دینارێک لە نرخی سوتەمەنیدا . ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە زۆر وەستایانە توانیویانە گەورەترین پرسی ستراتیژیی ئەم وڵاتە کە بریتییە لە داهاتی ملیارەها دۆلاری فرۆشراوی نەوت، بخەنە ژێر فەرشی قەیرانە لاوەکییەکانەوە و لەبری ئەوە، شەڕێکی میدیایی و حزبی لەسەر ئەوە دروست بکەن کە کام شار بەنزینی هەرزانترە یان کام لایەن خەمخۆرتری گیرفانی شۆفێرانە . کاتێک شۆفێرێکی تەکسیی ماندوو یان باوکێکی هەژار لە ژێر گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا کاتژمێرەها لە ڕیزی درێژی بەنزینخانەیەکدا دەوەستێت بۆ ئەوەی بڕێک پارە پاشەکەوت بکات، بە تەواوی لەبیری دەچێتەوە کە ئەو لەسەر خاکێک دەژی کە بەپێی قەبارەی سامانە سروشتییەکانی، دەبوو ئێستا خاوەنی باشترین ژێرخان و خۆشگوزەرانی بوایە نەک ئەوەی بۆ لیترێک بەنزین بپاڕێتەوە .
ئەم بچووککردنەوەیەی ئاستی داواکارییەکان، پلانێکی داڕێژراو و سیستماتیکی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد هەرگیز بوێریی ئەوەی نەبێت بپرسێت: باشە کوا شەفافیەت لە گرێبەستە پەنهانەکانی نەوتدا؟ کێ بەرپرسیارە لە دیارنەمانی ئەو هەموو سامانە زەبەلاحەی کە داهاتووی چەندین نەوەی خستووەتە ژێر قەرزێکی قورسەوە؟ . لەبری ئەوەی نوخبەی سیاسی وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنووسسازانە بدەنەوە، دێن و لەسەر شاشەکانەوە وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی خۆیان نمایش دەکەن تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیاریانداوە پەنجا دینار لە نرخی سوتەمەنی کەم بکەنەوە، وەک ئەوەی گەورەترین موعجیزەی ئابوورییان خولقاندبێت . ئەوان دەیانەوێت گەنجان و ڕۆشنبیرانی ئەم هەرێمە لە جیاتی بیرکردنەوە لە دامەزراندنی سندوقی سەروەریی نیشتمانی و وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا، هەموو کات و وزەی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان بکەن کە ڕەخنە لە لۆگۆی کۆمپانیا حزبییەکان بگرن یان چەپڵە بۆ بەرپرسێک لێبدەن کە بۆ چەند ڕۆژێک نرخی بەنزینی جێگیر کردووە . ئەمە نیشانەی داڕمانێکی گەورەی ئەخلاقی و سیاسییە کە تێیدا سامانێکی ستراتیژیی وەها گرنگ، دەکرێتە ئامرازێکی کاتی بۆ کڕینی دەنگ و چەواشەکردنی ڕای گشتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی تردا نەوت دەبێتە هۆی گەشەپێدانی شارستانیەت و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتییان .
بەم جۆرە، پارتی و یەکێتی نەک هەر ئابووریی وڵاتیان وێران کردووە، بەڵکو خەون و چاوەڕوانییەکانی مرۆڤی کوردیشیان هێندە بچووک کردووەتەوە کە ئیتر هیچ کەسێک بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز ناکاتەوە، بەڵکو هەمووان تەنیا داوای مانەوە لە ژیانێکی پڕ لە زەحمەتی و بەدەستهێنانی کەمترین پێداویستییەکان دەکەن، و ئەمەش ترسناکترین سەرکەوتنی ئەم دوو حزبەیە بەسەر ئیرادەی میللەتەکەیاندا . ئەمە لوتکەی سووکایەتییە بە عەقڵ و کەرامەتی کۆمەڵگایەک کە دەبینێت خاکەکەی ڕۆژانە هەڵدەکۆڵرێت و نەوتەکەی بۆ دەرەوە دەگوازرێتەوە، کەچی خۆی دەبێت وەک بێگانەیەک لە وڵاتەکەی خۆیدا باجی بێتوانایی و تاڵانکاریی حزبەکان بدات و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەڕ لەسەر ئەوە بکات کە کامیان کەمتر گیرفانی دەدزن . تا ئەو کاتەی دەسەڵات بتوانێت بەم شێوەیە سەرنجی خەڵک لە ملیارەها دۆلارە ونبووەکە لا ببات و بە چەند دینارێکی سەر ترومپاکانی بەنزینەوە سەرقاڵیان بکات، ئەم سیستەمە ئیفلیجە بەردەوام دەبێت لەسەر دزینی داهاتووی وڵات، و هاوڵاتییانیش دەبێت هەر لەناو ئەو بازنە داخراوەی بێهیواییەدا بخولێنەوە و باوەڕ بکەن کە گەورەترین کێشەی نیشتمانەکەیان تەنیا تانکییەکی بەتاڵی ئۆتۆمبێلە نەک خەزێنەیەکی بەتاڵکراوی حکومەت
