خوێندراوەتەوە: (3.4K)

عومەر شەخسە

وەک چێشتلێنەرێک کە لەسەر شاخێک لە گەنم دانیشتبێت، بەڵام منداڵەکانی لەناو ماڵەکەیدا لە برساندا بگرین، چونکە ئەو ئامادە نییە تەنها یەک مشت گەنم بکاتە ئاشەوە و دەیەوێت تەواوی شاخەکە بە قاچاخ بفرۆشێتە بازرگانانی دەرەوە؛ حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرەیە. کاتێک لە نیشتمانێکدا کە لەسەر دەریایەک لە نەوت خەوتووە، هاوڵاتییەک ناچار دەبێت نیوەی ڕۆژەکەی لە ڕیزێکی درێژی بەنزینخانەکاندا بەسەر ببات یان سوتەمەنییەکی کوالێتی نزم بە گرانترین نرخ بکڕێت، ئەمە “هەڵەیەکی ئابووری” یان “قەدەری بازاڕ” نییە. ئەمە ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەو ڕاستییەیە کە نەوت لەم وڵاتەدا بۆ خزمەتی خەڵک دەرناهێنرێت، بەڵکو ئامرازێکە لە دەستی کۆمپانیا حزبییەکاندا بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتی.

ئەم قەیرانە گاڵتەجاڕییە، دەرەنجامی کەمیی سەرچاوەی سروشتی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو قۆرخکارییە بازاڕەیە کە مافیا و کارتێلە سیاسییەکان بەسەر کەرتی وزەدا سەپاندوویانە. کاتێک نەوتی خاوی ئەم نیشتمانە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکان و تانکەرە نەناسراوەکانەوە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە و پارەکەی دەچێتە ناو بانکە حیزبییەکان، هاوڵاتیی کورد دەبێت بەنزینی خراپ لە هەمان ئەو کۆمپانیایانە بکڕێتەوە کە نەوتەکەیان لێ دزیوە. لەم زەلکاوەدا، کێشەکە ئەوە نییە کە حکومەت ناتوانێت پاڵاوگە دروست بکات یان بەنزین دابەش بکات؛ کێشەکە ئەوەیە کە دروستکردنی قەیرانەکە خۆی قازانجێکی خەیاڵیی هەیە بۆ ئابووری سێبەری کوڕی بەرپرسەکان. ئەوان بە ئەنقەست سوتەمەنی کەم دەکەنەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرز بکەنەوە.

(“هەمیشە بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانیی گەل، پاساو و بەهانەی سەرەکیی ستەمکاران بووە بۆ مانەوەیان. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە نەیجیریای پڕ لە نەوتدا جێبەجێ دەکرا، کاتێک وڵاتێک کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی ئەفریقا بوو، خەڵکەکەی بەردەوام لە قەیرانی بەنزیندا دەژیان، چونکە وەزیرەکان پاڵاوگەکانی ناوخۆیان وێران کردبوو بۆ ئەوەی گرێبەستی ملیۆن دۆلاری بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەگەڵ کۆمپانیاکانی خۆیاندا واژۆ بکەن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەمانیش بێشەرمترن؛ ئەوان نەک تەنها پاڵاوگەکانی ناوخۆیان وێران کردووە و کردیانە هۆکاری شێرپەنجە بۆ خەڵک، بەڵکو باجێکی زۆریش دەخەنە سەر ئەو بەنزینەی کە لە دەرەوە دەهێنرێت. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە دانانی بازگەی تاڵانییە لەسەر پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.

لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا، هەر کاتێک نرخ بەرز دەبێتەوە یان ڕیزی ئۆتۆمبێلەکان درێژ دەبێتەوە، پێویست ناکات بەدوای پاساوی ئابووریدا بگەڕێین. ئەو سیستەمەی کە دەتوانێت ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت بەڵام ناتوانێت تانکیی ئۆتۆمبێلی مامۆستایەک پڕ بکات، کێشەکەی “نەبوونی پلان” نییە، بەڵکو کێشەکەی “پلانی ڕووتاندنەوەیە”. ئەوان پێشینەی کارەکانیان تێرکردنی گیرفانی خۆیانە، نەک سووتەمەنیی ماڵ و ئۆتۆمبێلی ئێوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 158 Today: 2,133 📊 Click Here