پارێزگایەكی رۆژهەڵاتی كوردستان پلەی چوارەمی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لەسەر ئاستی ئێران بەدەست هێنا. مەنوچەهر حەبیبی، پارێزگاری كرماشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، پارێزگای كرماشان لە ساڵی كشتوكاڵی 2024-2025 پلەی چوارەمی ئێرانی لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیدا بەدەست هێناوە. مەنوچەهر حەبیبی وتیشی: پارێزگاكە ساڵی ڕابردووش لە پلەی پێنجەم و ساڵانی پێشتریش لە پلەی شەشەمدا بوو. حەبیبی ئاماژەی بەوە كرد “ئەم سەركەوتنە سەرەڕای وشكەساڵی و ناسەقامگیری دۆخی باران بەدەست هاتووە، هۆكارەكەشی بۆ پلاندانانی زانستی، ماندووبوونی 219 هەزار جووتیاری كرماشان و پەرەپێدانی چاندنی نوێ لە ناوچە گەرمەسێرەكان گەڕاندەوە”. پارێزگای كرماشان كە دوو ملیۆن كەس دانیشتووانەكەیەتی، خاوەنی 950 هەزار هێكتار زەوی كشتوكاڵییە و ساڵانە زیاتر لە 5.5 ملیۆن تۆن بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و باخی بەرهەم دەهێنێت، لەم بڕە، زیاتر لە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆنی تەنها بەرهەمی زەوییە كشتوكاڵییەكانە، هەروەها بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكانیشی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن.
