خوێندراوەتەوە: (8.8K)

دابان ئیبراهیم عەبدوڵا

وەک ئەوەی وڵاتێک تەنها دوو ڕەنگی پێدرابێت و نیوەیەکی بە ئاڵتوون و نیوەکەی تری بە قوڕ بۆیە بکرێت؛ هەرێمی کوردستان ڕێک بەمجۆرە نادادیی کۆمەڵایەتیی خۆی لەسەر زەوی نەخشاندووە. لەم نیشتمانەدا، جیاوازیی چینایەتی تەنها ژمارەیەک نییە لەناو ڕاپۆرتە ئابوورییەکاندا یان ئامارێک نییە لەسەر کاغەز؛ بەڵکو شتێکی بەرجەستەیە کە دەتوانیت دەستی لێبدەیت، بینای پێوانە بکەیت و لەسەر شەقامەکاندا هەستی پێبکەیت. کاتێک بە شەقامێکی گشتیدا تێدەپەڕیت، لە لایەکەوە گەڕەکە کۆن و هەژارنشینەکان دەبینیت کە خانووەکانیان بەسەر یەکدا کەوتوون، شەقامەکانیان چاڵوچۆڵن و خزمەتگوزاریی سەرەتاییان نییە ، و لە لایەکی تریشەوە، لەولای دیوارێکی بەرزەوە، “کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە داخراوەکان”  و گوندە ئەوروپی، ئینگلیزی و ئیتاڵییەکان دەبینیت کە ڤێلا زەبەلاحەکانیان بە جوانترین تەلارسازیی مۆدێرن دروستکراون، ڕێگاکانیان سەوزن و ئاو و کارەبایان هەرگیز نابڕدرێت. ئەمە بیناسازی نییە، ئەمە وێنەکێشانی هەژارییە بە بلۆک و چیمەنتۆ.

ئەم دابەشبوونە تەلارسازییە، بەرهەمی خواست و بازاڕی ئازاد نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیستەمە پاتڕۆناژەیە کە مافیا و کارتێلە سیاسییەکان لە کوردستان بونیادیان ناوە. ئەوان کەرتی خانووبەرەیان نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ شوشتنەوەی پارە دزراوەکانی نەوت و گومرگ بەکارهێناوە. بە پێدانی زەوییە ستراتیژییەکانی نیشتمان بە کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆیان بەناوی “وەبەرهێنان”ەوە، ئەوان شارەکانیان پارچە پارچە کردووە؛ ناوچەیەک بۆ نوخبەی دەسەڵاتدار کە تێیدا یاساکانی تەنعوم و خۆشگوزەرانی جێبەجێ دەبێت، و ناوچەیەکیش بۆ خەڵکی ئاسایی کە دەبێت لە زەلکاوی بێخزمەتگوزاریدا بخنکێن.

“کۆشکی دەوڵەمەندەکان، لەسەر وێرانەی کوخەکانی هەژاران دروست دەکرێت”)  ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە ساوپاولۆی بەرازیلدا هەیە، کاتێک باڵەخانە شووشەییە گرانبەهاکان کە خاوەنی کۆپتەری تایبەتن، ڕاستەوخۆ بەسەر “فاڤێلا” (گەڕەکە هەژارنشینەکان)دا دەڕوانن کە تێیدا خەڵک لەناو ئاوی پیسدا دەژین. لەوێ، هەژاری شاراوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە دیمەنی ڕۆژانەی دەوڵەمەندەکان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە سەرمایەدارەکانی بەرازیلیش بێباکترن؛ ئەوان لەسەر شاشەکان باس لە “ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان” دەکەن و ئەو ڤێلا زەبەلاحانە وەک دەستکەوتی حکومەت دەفرۆشنەوە بە خەڵک، لە کاتێکدا سەدا ٩٠ی خەڵکی ئەو نیشتمانە تەنانەت توانای کڕینی یەک مەتر چوارگۆشەی ئەو “ئاوەدانییە”یان نییە و دەبێت تەنها وەک بینەر لە دەرەوەی دیوارەکانەوە سەیری بکەن.

ئەم تەلارسازییە نادادپەروەرە، بووەتە گەورەترین تەماشاگەریی مەدەنی کە تێیدا دەسەڵات شکۆی پارەی دزراوی خۆی بەسەر چاوی کۆمەڵگادا دەداتەوە. ئەوان ناسنامەی تەلارسازیی کوردییان شێواندووە و نیشتمانیان کردووەتە کۆکراوەیەکی بێمانا لە لاساییکردنەوەی ڤێلاکانی دوبەی و تورکیا ، تەنها بۆ ئەوەی جیاوازیی خۆیان لەگەڵ گەلی سادە بسەلمێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 59 Today: 263 📊 Click Here