خوێندراوەتەوە: (2)

ڕێکار عومەر

کاتێک وەزارەتەکان دەبنە دوکانێکی شەخسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دوو بنەماڵە، ئیتر وشەی “حکومەت” تەنها گاڵتەجاڕییەکە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک! ئەگەر سەیری کاغەز و بەیاننامەکانی هەولێر بکەیت، وا دەزانیت هەرێمی کوردستان خاوەنی کابینەیەکی یەکگرتووە کە لە ٢١ وەزیر پێکدێت و دەوڵەتدارییەکی مۆدێرن دەکات. بەڵام هەرکە پێ دەنێیتە سەر ئەرزی واقیع، دەبینیت ئەمە تەنها خێمەیەکی دڕاوە کە پارتی و یەکێتی بۆ داپۆشینی دزییەکانیان هەڵیانداوە، لە کاتێکدا لە ژێرەوەدا نیشتمانەکەیان دابەش کردووە بۆ دوو ئیدارەیی تەواو و دوو هێزی چەکداری جیاواز. ئەم فەنتەڵۆسانە کە لەسەر شاشەکان خۆیان وەک “سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی” دەناسێنن ، لە ڕاستیدا تەنها بەڕێوەبەری دوو کۆمپانیای خێزانین کە هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر زۆنی یەکتریدا نییە و تەنها کاتێک دەبنە یەک حکومەت کە بابەتەکە پەیوەندی بە دابەشکردنی داهاتی نەوت و وەرگرتنی پارە لە بەغداوە هەبێت!

خەونی دروستکردنی دەوڵەت لای ئەم بازرگانانە، ڕێک لەو کاتەدا کۆتایی دێت کە دەگەنە سەر مێزی دابەشکردنی سندووقی داهاتەکان و پۆستەکان! حکومەت لە دەوڵەتی سەرمایەداریدا هیچ نییە جگە لە لیژنەیەک بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی چینی چەوسێنەر.” کابینەکەی هەرێمی کوردستانیش ڕێک هەمان ئەو لیژنە تاڵانچییەیە. دوای چەندین مانگ لە هەڵبژاردن، هێشتا نەیانتوانیوە کابینەی دەیەم پێکبهێنن، نەک لەبەر ئەوەی خەمی بەرنامەی چاکسازییانە، بەڵکو چونکە منداڵە لوسکەکان و میراتگرانی هەردوو حیزب خەریکی کێشمەکێشن لەسەر ئەوەی کێ کام دەروازەی سنووری و کام بیری نەوت بۆ خۆی قۆرخ بکات. ئەوان بە ئەنقەست پێکهێنانی حکومەتیان دواخستووە و وەک حکومەتێکی “کاربەڕێکەر و ماوەبەسەرچوو” حوکم دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیان تا هەڵبژاردنەکانی عێراق مسۆگەر بکەن.

قورسترین باج لەم نیشتمانەدا لەلایەن ئەو کەسانەوە دەدرێت کە هێشتا باوەڕیان بە مۆری سەر کاغەزی ئەم دەسەڵاتە مافیاییە ماوە! لە بەرنامەی کابینەکانیاندا باس لە “لامەرکەزییەت، شەفافیەت، و چاکسازی” دەکەن ، کەچی لە واقیعدا خاڵۆژن و پور و بازرگانە سێبەرەکانیان تەواوی ئابووریی وڵاتیان هەڵلووشیوە و مامۆستای داماویش بۆ مووچەیەک دەبێت مانەی مانگان بگرێت. حکومەتێک کە نەتوانێت یەک لیوا لە پێشمەرگەکانی یەکێتی و پارتی یەکبخاتەوە و هەر حیزبەی قاچاخچێتی بە ئارەزووی خۆی بکات ، چۆن شەرم ناکات باس لە سەروەریی یاسا بکات؟ ئەم کابینەیە تەنها پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە کوردستان لەسەر دەستی ئەمان بووەتە کێڵگەیەکی بێ خاوەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 80 Today: 1,640 📊 Click Here