ئاکار قادر
لەم ڕۆژانەدا، یەکێک لە دەنگە هەرە ئاشناکان بۆ گوێی بەشێک لە هاوڵاتییان، بێدەنگبوونی مۆلیدەی گەڕەکەکان و هەڵبوونی گڵۆپەکانە بە بەردەوامی. پڕۆژەی “ڕووناکی” خەریکە دەبێتە تاجی دەسکەوتە دیارەکانی مەسرور بارزانی، بە جۆرێک وای لێهاتووە ماڵەکان بە شەوانیش وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. بەڵام ئایا تەنها ڕووناککردنەوەی ژووری میوانەکان بەسە، لە کاتێکدا ژووری بڕیاردانی سیاسی لە وڵاتدا هێشتا لە تاریکستانێکی قووڵدایە؟
لێرەدا ئەو پارادۆکسە سەیرە دروست دەبێت کە دەبێت هەموومان تێڕامانی بۆ بکەین: لە کاتێکدا حکومەت بەوپەڕی شانازییەوە خەریکە “پێوەری زیرەک” بۆ کارەبای ماڵەکان دادەنێت و کێبڵە تێکئاڵاوەکانی شار ڕێکدەخاتەوە، کەچی پێوەری دامەزراوە سیاسییەکانمان هێشتا لەسەر سفری سەدەی ڕابردوو وەستاوە و ژەنگی هێناوە! ئێمە خەریکە دەبینە خاوەنی تۆڕێکی کارەبای مۆدێرن، بەڵام هێشتا بە سیستەمێکی سیاسیی “ئەنەلۆگ” و وایەری پچڕاوی ململانێ حیزبییەکان بەڕێوەدەبرێین.
جێگەی پێکەنینێکی تاڵە کە چۆن ئەندازیارانی ئەم دەسەڵاتە دەتوانن کێشەی ڤۆڵتیەی کارەبا و محەویلەی گەڕەکەکان بۆ هەزاران ماڵ چارەسەر بکەن، بەڵام ناتوانن ڤۆڵتیەی دامەزراوە شەرعییەکان بۆ یەک ڕۆژیش ڕێکبخەنەوە! پەرلەمان وەک ئامێرێکی بێ پلاک لە سوچێکدا فڕێدراوە و کوژاوەتەوە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێش لەسەر مۆلیدەیەکی دووکەڵاوی و پەککەوتەی دانوستان کار دەکات کە هەرگیز ناتوانێت یەک کاتژمێر سەقامگیری بەرهەم بهێنێت و بەردەوام دەکوژێتەوە.
ڕەنگە مێژوو ئەم سەردەمەی ئێمە بە دێڕێکی زۆر کورت و تەنزئامێز بنووسێتەوە: “هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچەیەی کە پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی سیاسەت و دامەزراوەی کارای ٢٤ کاتژمێری، توانی ببێتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری!”
ئەمەیە واقیعی ئێمە؛ مژدەیەک بۆ هاوڵاتییان، ڕووناکییەکە هات، بەڵام پێدەچێت تەنها بۆ ئەوە هاتبێت تا بە باشتر تاریکییە گەورەکەی سیاسەت و وەستانی دامەزراوەکانمان ببینین!
