سەربەست سەعید ساڵح
کاتێک حکومەتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی، کارگێڕی یان سیاسی دەبنەوە، زۆرجار یەکەم چەک کە پەنای بۆ دەبەن، کەمکردنەوەی مەودای ئازادییەکان و دروستکردنی گوشارە بۆ سەر دەنگە ناڕازییەکان. لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی بەربەستە یاساییەکان، گرتن و ڕاوەدووڕان کاتێک دەست بۆ دۆسیە هەستیارەکانی وەک گەندەڵی یان قۆرخکاریی حیزبی دەبەن. لەم نێوەندەشدا، دۆسیەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، بووەتە هێمایەک بۆ گفتوگۆیەکی زۆر فراوانتر لەسەر ژینگەی کارکردنی میدیای سەربەخۆ. لێرەوە پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات: ئایا حکومەتەکان بە قبوڵکردنی ڕەخنە خۆیان بەهێز دەکەن، یان بە کپکردنی دەنگەکان؟
تێڕوانینێکی باو و هەڵە لە ناو بازنەکانی دەسەڵاتدا هەیە کە پێی وایە بێدەنگکردنی ڕەخنەگر و داخستنی کەناڵەکان، نیشانەی هێز و سەقامگیرییە. بەڵام واقیع پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. حکومەتێک کە ترسی لە وشەیەک، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، یان لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی هەبێت، لە ڕاستیدا لکانی خۆی بە لاوازیی پێکهاتەکەیەوە ڕادەگەیەنێت. کپکردنی دەنگی ئازاد تەنها کڕینی کاتێکی کاتییە؛ چونکە کێشە ڕیشەییەکانی وەک نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی بە گرتنی ڕۆژنامەنووسان حەشار نادرێن، بەڵکو لە ژێرەوە کەڵەکە دەبن تا دەگەنە خاڵی تەقینەوە.
حکومەتە هۆشیار و بەهێزەکان، ڕەخنەی میدیا وەک “ئاوێنەیەک” دەبینن بۆ ناسینی کەمکوڕییەکانی خۆیان. ڕێگەدان بە چاودێریی ڕۆژنامەوانی، سیستمەکە لە گەندەڵی دەپارێزێت و متمانەیەک لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا دروست دەکات کە هیچ دەزگایەکی پڕوپاگەندەی حیزبی ناتوانێت دروستی بکات. کاتێک دەسەڵاتێک یاسا و دادگاکان وەک کەرەستەیەک بۆ سزادانی قەڵەمە ئازادەکان بەکاردەهێنێت، نەک هەر ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە، بەڵکو گەورەترین گورز لە ناوبانگی نێودەوڵەتی و شەرعییەتی ناوخۆیی خۆی دەدات. لە کۆتاییدا، مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا تەنها دۆسیەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو ناسنامە و پێناسەی ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتەیە؛ هێزی ڕاستەقینە لە ڕاوەدووڕانی ڕەخنەگراندا نییە، بەڵکو لە توانای بەرگەگرتن و وەڵامدانەوەی لۆژیکیی ڕەخنەکاندایە.
